"كۆمپانیا توركی‌‌و ئێرانیه‌كان زیانیان‌ به‌ئابوری‌ هه‌رێم گه‌یاندوه‌"

‌پێشانگای نێودەوڵەتی لە هەرێم
سه‌رۆكی ژوری بازرگانی‌و پیشه‌سازی سلێمانی‌ رایدەگەیەنێت بەهۆی كۆمپانیا توركی‌‌و ئێرانیه‌كانه‌وه‌، چه‌ند كارگه‌یه‌كی‌ كوردستان له‌كاركردن وه‌ستاون‌و ئەمەش زیانی‌ به‌ئابوری‌ هه‌رێم گه‌یاندوه‌.

ئه‌مڕۆ دوشه‌ممه‌ له‌ژوری بازرگانی‌و پیشه‌سازی سلێمانی، سیروان محه‌مه‌د، سه‌رۆكی ژوری بازرگانی‌و پیشه‌سازی سلێمانی‌و نه‌وزاد غه‌فور، جێگری سه‌رۆكی ژور به‌مه‌به‌ستی‌ چاره‌سه‌ركردنی هاتنی كۆمپانیا بیانیه‌كان بۆ هه‌رێمی كوردستان‌ كۆبونه‌وه.

سه‌رۆكی ژوری بازرگانی‌و پیشه‌سازی سلێمانی، له‌كۆنگره‌یه‌كی ڕۆژنامه‌وانیدا ڕایگه‌یاند، حكومه‌ت هیچ هاوكاریه‌كی كۆمپانیا ناوخۆییه‌كانی‌ نه‌كردوه‌، ئه‌وه‌شی‌ وت:"حكومه‌ت زۆر هاوكاریی كۆمپانیا بیانیه‌كان ده‌كات، له‌كاتێكدا ئه‌و كۆمپانیایانه‌ قازانجه‌كانیش ده‌به‌نه‌وه‌ بۆ وڵاته‌كانی خۆیان".

سه‌رۆكی ژوری بازرگانی‌و پیشه‌سازی سلێمانی باسی‌ له‌وه‌شكرد، حكومه‌ت یاسایه‌كی باشی دانه‌ناوه‌ بۆ كۆمپانیا خۆماڵیه‌كان، تاوه‌كو به‌ئازادانه‌ بازرگانی بكه‌ن‌و بتوانن كێبڕكێی‌ بازرگانه‌ توركیه‌كان بكه‌ن.

سه‌رۆكی ژوری بازرگانی‌و پیشه‌سازی سلێمانی ئه‌وه‌شی‌ ئاشكراكرد، به‌هۆی‌ به‌رهه‌م‌و كاری‌ كۆمپانیا توركی‌‌و ئێرانیه‌كانه‌وه‌، چه‌ند كارگه‌یه‌كی‌ كوردستان له‌كاركردن وه‌ستاون‌و زیانی‌ به‌ئابوری‌ هه‌رێم گه‌یاندوه‌.

بازرگانانی‌ كوردستان جه‌ختده‌كه‌نه‌وه‌، له‌كاتی‌ چونیان بۆ وڵاتانی‌ ده‌ره‌وه‌، هیچ ئاسانكارییه‌كیان بۆ ناكرێت، به‌ڵام له‌كوردستان نه‌ك ئاسانكاری كراوه‌، به‌ڵكو بازاڕیش ئێران‌و توركیا به‌ڕێوه‌ی‌ ده‌به‌ن.




PM:02:31:22/12/2014