بەرپرسێکی وەزارەتی کارەبای هەرێم ئاشکرای کرد کە بە دۆخی کێڵگەی
کۆرمۆر ئاسایی بووەتەوە و زۆرینەی کارمەندان و تەکنیکارانی کێڵگەکە گەڕاونەتەوە
سەر کارەکانیان، بەڵام بەرهەمهێنانی گازی سرووشتی بۆ وێستگەکانی کارەبا
دەستیپێنەکردووەتەوە.
بەرپرسێک لە وەزارەتی کارەبای هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ هەینی لە
لێدوانێکدا لەگەڵ میدیای پارتی رایگەیاند"تاوەکو ئێستا لە کۆرمۆرەوە ئاگادار
نەکراوینەتەوە کەی ناردنی گاز بۆ وێستگەکانی کارەبا دەستپێدەکاتەوە، بۆیە ناتوانین
هیچ کاتێکی روون بۆ ئاساییبوونەوەی دۆخی کارەبا دیاری بکەین".
ئەو بەرپرسەی کارەبا کە ئاگاداری دۆخەکەیە وتی "لەگەڵ
دەستپێکردنەوەی گاز بۆ وێستگەکانی کارەبا، پێدانی کاژێرەکانی کارەبا زیاتر دەبێت،
بەڵام بۆ گەڕانەوەی دۆخی ئاسایی بۆ پێش هێرشەکەی سەر کێڵگەی کۆرمۆر، ٧٢ کاژێر
پێویستە".
لە ئەنجامی هێرشەکەی سەر کێڵگەی کۆرومۆر، بەرهەمهێنانی کارەبای
هەرێم بە رێژەی ٨٠٪ کەمیکردووە و وەزارەتی کارەبا ناچارە لەنێوان شەش بۆ
هەشت کاژێر کارەبا بە هاونیشتمانییان بدات.
شەوی ڕابردوو شاندێکی تەکنیکیی حکومەتی عێراق
سەردانی کێڵگەی کۆرمۆری کردووە و لێکۆڵینەوەی لە هێرشەکە دەستپێکردووە.