شاندی ئەمنیی حكومەتی عێراق و هەرێ گەیشتە كێڵگەی غازی (كۆرمۆر) لە چەمچەماڵ و بڕیارە لیژنەی لێکۆڵینەوە لە ھێرشەکەی سەر کۆرمۆر ناوی تێوەگلاوان و ئەوانەی فەرمانیان کردوە بە ئەنجامدانی ھێرشەکە ئاشکرا بکات.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینی شاندێکی باڵای ئەمنی لە بەغداوە گەیشتنە هەرێمی کوردستان بۆ بەدواداچوون بۆ بەئامانجکردنی کێڵگەی غازی کۆڕمور.
بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی میدیا عێراقییەکان، شاندەکە عەبدولئەمیر ئەلشەمەری وەزیری ناوخۆی عێراق سەرپەرشتی کردبوو، هەروەها حەمید شاتری، بەڕێوەبەری هەواڵگری عێراق و ڕێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان یاوەری بوون، بە پاڵپشتی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی كارەكەیان دەكەن و لیژنەیەكی هونەریش هەیە كە فەرماندەیی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەكان سەرۆكایەتیی دەكات بەمەبەستی پێشكەشكردنی روانگەی هەواڵگریی و هونەری
وەفدەکە کۆبوونەوەیەکی وردی لەگەڵ بەرپرسان و سەرکردە ئەمنییەکان لە سلێمانی ئەنجامداوە بۆ گفتوگۆکردن لەسەر ڕێکارەکانی بەدواداچوون و هەماهەنگی ئەمنی و داڕشتنی پلانی کاری هاوبەش.
ئاماژەی بەوەش داوە، لیژنەکە سێ رۆژی لەبەردەمدایە بۆ گەیشتن بە ئەنجامی رووداوەكەو ئاشكراكردنی ئەو لایەنانەی كە تێوەگلاون لە هێرشەكە لەگەڵ ئەوانەی فەرمانیان كردووە بە ئەنجامدانی هێرشە تیرۆرستییەكە، ئەمە لەگەڵ راوەستان لەسەر زیانە تەكنیكییەكان و دووبارە بەكارخستنەوەی كێڵگەكەو، دەركردنی رێنمایی بۆ رێگرتن لە دووبارەبوونەوەی رووداوی تر.
شەوی چوار شەممە ٢٦ی مانگی ١١، نزیک کاتژمێر ١١:٣٠، هێرشکرایە سەر کێڵگەی کۆرمۆر و بەهۆیەوە ئاگر لە کۆگەیەکی گەورەی کێڵگەکە کەوتەوە، بەهۆیەوە کارەبای نیشتمانی ٨٠% کەمی کردووە.