سەرکۆنسوڵی ئێران لە هەولێر لە بارەی هێرشەکەی شەوی ٢٦ مانگ بۆ سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر ڕایگەیاند "کردەوەکە لەلایەن هەر کەسێکەوە کرابێت، قبوڵکراو نییە و سەرکۆنەی دەکەین".
هەینی، ٢٨ تشرینی دووەم ٢٠٢٥، فەرامەرز ئەسەدی، سەرکۆنسوڵی گشتی کۆماری ئیسلامی ئێران لە هەولێر، هەڵوێستی وڵاتەکەی لە بارەی هێرشەکەی ٢٦ تشرینی دووەم بۆ سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر لە چەمچەماڵ ڕاگەیاند ووتی "سەرکۆنەی هێرشەکەی سەر کێڵگەی کۆرمۆر دەکەم، ئەم کارە لەلایەن هەر کەسێکەوە ئەنجامدرابێت جێگای قبوڵکردن نییە، پێمانوایە ئەم کردەوەیە هێرشکردنە سەر ئاسایشی هەرێمی کوردستانی عێراق و خۆشگوزەرانیی خەڵکە ئازیزەکەیەتی".
کاتژمێر ١١:٣٠ خولەکەی شەوی ٢٦ تشرینی دووەم ٢٠٢٥، هێرش کرایە سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر لە چەمچەماڵ و بە هۆیەوە کۆگایەکی گاز گڕیگرتوو و تا کاتژمێر ٩:٠٠بەیانی ڕۆژی دواتر ئاگرەکە بەردەوام بوو، ڕوداوەکە بوە هۆی کەمبونەوەی کارەبای هەرێمی کوردستان بە ڕێژەی لە ٨٠٪، ئەم ڕوداوە کاردانەوەی لە ئاستی ناوخۆی و دەرەوەدا بەدواداهات.