بنەماڵەی دکتۆر حسێن ڕابی، مامۆستای زانکۆ و فیزیازان ڕونکردنەوەیەکیان بڵاوکردەوە و دەڵێن " ئێمە وەک کەس و کاری د.حسێن دەمانەوێت ڕایبگەینین کە کەیسەکەی دکتۆر حسێن کەیسێکی کەسیە و هەڵە تێگەیشتن و کۆمەڵایەتیە و انشاواللە خۆمان بە زوترین کات چارەسەری دەكەین".
هەینی، ٢٨ تشرینی دووەم ٢٠٢٥، دەستگیرکردنی دکتۆر حسێن ڕابی، مامۆستای زانکۆ و فیزیازان، لە کاتژمێر ٩:٠٠ بەیانی دوێنێ (٢٧ تشرینی دووەم)، کاردانەوەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان بەدوای خۆیدا هێنا، بنەماڵەکەی لەو بارەیەوە ڕونکردنەوەیەکیان بڵاوکردەوە و ڕایانگەیاند "هاوڵاتیانی خۆشەویستی کوردستان سڵاو و ڕێز و خۆشەویستی بۆ تەواوی هاوڕێیان و دۆستان و هاوپیشە و خوێندکارە بەڕێزەكانی (د.حسێن رابی)، کە لە سەرەتای بێ هەواڵ بوونیەوە لەگەڵمان بوون و تاکو ئیستاش هاوخەمن و بە پەرۆشیەوە لە هەوڵی چارەسەر کردنی کێشەکەی دکتۆر حسێن ڕابی ئێمەدان، خۆمان بە زوترین کات چارەسەری دەکەین".
"پەیامێکیش بۆ ئەو ئەكاونتانەی كە خۆیان بە نزیكی د. حسێن دادەنێن و پەیام و زانیاری بڵاودەكەنەوە یاخو ئەو پەیج و سایتە ساختانەی کە بە شێوازێکی زۆر خراپ کار لەسەر کەیسەکەمان دەکەن و بۆ مەرامی سیاسی و تایبەتی خۆیان بەکاری دەهێنن داوایان لێ دەکەین کە دەست هەڵگرن لەو کارانەیان و کەیسەکەمان زیاتر لێ گەورە و لێل وشێواو نەکەن"، بنەماڵەی دکتۆر حسێن ڕابی وا دەڵێن.
دکتۆر حسێن ڕابی مامۆستای بەشی فیزیایە لە زانکۆی سلێمانی، لە ڕۆژی ٢٧ تشرینی دووەم ٢٠٢٥، لە کاتژمێر ٩:٠٠ بەیانیەوە دیار نەمابوو و بێ هەواڵ بوو تا درەنگانی شەوی ڕابردوو، دواتر زانرا کە لە ئاسایشی سلێمانی دەستگیرکراوە.