وەزارەتی کارەبا: هەوڵەکانمان چڕکردوەتەوە تا بەرهەمهێنانی کارەبا ئاسایی ببێتەوە


وەزارەتی کارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕاگەیاندراوێكی بڵاوکردەوە  و دەڵێت "سوپاسی یەکە بە یەکەی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان دەکەین لە بەرامبەر ئارامی و خۆڕاگریتان لەم کاتە سەختەدا. ئەمە هێرشێکی تیرۆریستی بوو دژی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان ئەنجامدرا".

هەینی، ٢٨ تشرینی دووەم ٢٠٢٥،  وەزارەتی کارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستان دواین زانیارییەکانی لە بارەی کارەباوە بۆ هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان بڵاو کردوەتەوە و ڕایدەگەیەنێت "هەموو لایەک دڵنیا دەکەینەوە کە وەزارەتی کارەبا، شانبەشانی هەریەک لە وەزارەتی سامانە سروشتییەکان و هێزە ئەمنییەکان و دانا غاز هەوڵەکانیان چڕکردۆتەوە بۆ ئەوەی ئاستی بەرهەمهێنان ئاسایی ببێتەوە و بەزووترین کاتیش کارەبا بگەڕێتەوە نێو سەرجەم ماڵ و فرۆشتگا و کارگەکان، چونکە گەورەترین ئامانجمان سەلامەتی و ئاسوودەیی هاووڵاتیانی خۆمانە. لە حاڵەتی هەبوونی هەر پێشهاتێکی نوێش، بەزووترین کات ئاگادارتان دەکەینەوە".

کاتژمێر ١١:٣٠ خولەکەی شەوی ٢٦ تشرینی دووەم ٢٠٢٥، هێرش کرایە سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر لە چەمچەماڵ و بە هۆیەوە کۆگایەکی گاز گڕیگرتوو و تا کاتژمێر ٩:٠٠بەیانی ڕۆژی دواتر ئاگرەکە بەردەوام بوو، ڕوداوەکە بوە هۆی کەمبونەوەی کارەبای هەرێمی کوردستان بە ڕێژەی لە ٨٠٪، ئەم ڕوداوە کاردانەوەی لە ئاستی ناوخۆی و دەرەوەدا بەدواداهات.




PM:10:11:28/11/2025