ئۆجەلان: پێویستە چوار دەوڵەتەکە مافی کورد بە بنەما بگرن

گوڵستان کڵچ پەرلەمانتاری پارتی یەکسانیی و دیموکراسیی گەلان- دەمپارتی و ئەندامی کۆمسیۆنی ئاشتیی پەرلەمانی تورکیا بۆ پرۆسەی چارەسەریی هەندێک زانیاریی لەبارەی دیدارەکەی ئیمراڵی ئاشکراکرد و وتی" عەبدوڵڵا ئۆجالان ڕیبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان-پەکەکە پەیامی بۆ خۆپاراستنی کورد هەبوو بە تایبەت ڕۆژئاوا".
 
بە وتەی کڵچ عەبدوڵڵا ئۆجالان جەختی لە جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی ١٠ی ئازار کردوەتەوە و ئاماژەی بەوەکردوە، دبێت کورد و هێزەکانی سوریای دیموکرات-هەسەدە بچێتە ناو سوپای سوریا، ئەوەشی وەک مەرج داناوە تا کورد خۆی خۆی و ناوچەکانی بپارێزێت.
 
عەبدوڵڵا ئۆجالان وتوشییەتی کە پێویستە کورد خۆی خۆی بپارێزێت و ئەرکی خۆپاراستنی لە ئەستۆی خۆی بێت، هەروەها هێزی هیچ وڵاتیک نەجێتە ناوچە کوردنشینەکان بە بیانووی پاراستن و هەرچییەک بێت.

بە وتەی گوڵستان کڵچ، عەبدوڵڵا ئۆجه‌لان هەڵوێست ‌و وتارەکانی ئەمدواییەی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان‌ و دەوڵەت باخچەلی لەبارەی پڕۆسەی ئاشتیی بەرزنرخاندوە و هۆشدارییشیداوە لەوەی چەند زلهێزێک نایانەوێت پڕۆسەی چارەسەریی سەربگرێت و هاوپەیمانی‌ و ئاشتەوایی بۆ کورد و لەنێوان کوردو تورکدا بەدیبێت و کار بۆ تێکدانی پرۆسەکە دەکەن.

ئاماژەی بەوەشداوە کە ئۆجەلان لەبارەی سوریاوە بە ڕوون و ڕاشکاویی وتوویەتی" لە سوریا ماوەیەکی زۆر دەسەڵاتی ئەسەد هەبوو کە دواتر بوو بە دەسەڵاتێکی دیکتاتۆری. ئەمڕۆ دەسەڵاتی ئەحمەد شەرع هەیە و ئەگەر بەڕاستی ئەو دەسەڵاتە دیموکراتیزە نەبێت، ئەو کاتە دەسەڵاتەکەی شەرعیش بەرەو دیکتاتۆرییەت دەچێت.".

ئۆجەلان جەختی لەوە کردووەتەوە، هیچ کارێک بەبێ بوونی دیموکراسییەتی خۆجێی نابێت. پێویستە کۆمەڵگە خۆی ڕێکبخات، ئەنجوومەن و کۆمەڵگەی مەدەنیی خۆی دروستبکات. بۆ نموونە؛ تورکمان، کورد و چەرکەز، ئەنجوومەن، کۆمۆن و کۆمەڵگەی مەدەنیی خۆیان دروستبکەن و بە تایبەتمەندی خۆیانەوە تێکەڵ بە سیستمی وڵات ببن، ئەو کارەش پێویستی بە دیموکراسییەتە، ئەگەر دیموکراسییەت نەبێت، سووریا دەبێتەوە بە دیکتاتۆرییەت، ئەوەش بە هیچ شێوەیەک خۆشگوزەرانی و ئاسایش بۆ گەلانی سوریا ناهێنێت.

ئۆجەلان جەختی لەوەش کردووەتەوە، پێویستە هەمووان تێکەڵ بە سیستمێکی دیموکراتی ببن و ببنە بەشێک لە دیموکراسییەت، ئەو کاتە هەمووان دەتوانن بە تایبەتمەندی خۆیانەوە تێکەڵ بە سیستم ببن، ئەمە بۆ تورکیاش بە هەمان شێوە وایە. واتە پێویستە هەموو ئەو وڵاتانەی کوردیان تێدایە، پاراستنی مافی هەبوونی کورد بە بنەما بگرن.

ئۆجەلان لە بەشێکی دیکە لە قسەکانیدا باسی ئەوەیکرد، پێویستە چوار دەوڵەتەکە مافی کورد بە بنەما بگرن و وتی" بۆ یەکەم جار توانیمان کێشەی کورد لە پەتی سێدارەوە بۆسەر مێزی گفتوگۆ بگوازینەوە و ئەم کارەش بە ئاشتی دەگەیەنینە ئەنجام".

لەبارەی گەڕانەوەی ئەو کەسانەی چەک دادەنێن بۆ تورکیا، ئۆجەلان باسی لەوە کردووە، پێویستە بە ڕێکخستنەوەی یاسایی، هەلومەرج بۆ گەڕانەوەیان ئامادە بکرێت.




AM:10:42:29/11/2025