مەسعود بارزانی، لەمیانی بەشداریكردنی لە چوارەمین سیمپۆزیەمی نێودەوڵەتی مەلای جزیری كە لە شاری جزیرەی بۆتان لەلایەن زانكۆی شرناخەوە رێكخراوە، رایگەیاند" پرۆسەی ئاشتی گۆڕانێكی مەزنە كە لە ناوچەكە روویداوە و بە هەموو هێزی خۆمان پشتیوانیی لێدەکەین ".
رۆژی شەممە ٢٩ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٥ مەسعود بارزانی لە شرنەخی باکووری کوردستانەوە لەبارەی پرۆسەی ئاشتی رایگەیاند"بە هەموو هێزی خۆمان پشتیوانیی لێدەکەین و هەرچیمان لێ داوا بکرێت و لەدەستمان بێت، ئامادەین بیکەین. ئیشەڵڵا پرۆسەکە ئەنجامێکی زۆر باشی دەبێت. خێر و خۆشی بێنێت بۆ هەموومان."
مەسعود بارزانی سوپاسی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا، دەوڵەت و پەرلەمان و میلـلەتی تورکیای کرد کە دەرگای ئاشتییان کردەوە و بە "باشترین دەرگا و باشترین بژارە" ناوی برد.
هەروەها وتیشی"دەستخۆشی لە بەڕێز عەبدوڵڵا ئۆجەلان دەکەم کە ئەویش هەنگاوی ئەرێنیی هاویشت بۆ پرۆسەکە".
ئەمڕۆ شەممە، مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان لە شارۆچکەی جزیرێی سەر بە پارێزگای شرنەخ لە باکووری کوردستان، بەشداری لە چوارەمین سیمپۆزیۆمی نێودەوڵەتیی (مەلای جزیری) کرد.
سیمپۆزیۆمەکە لە هۆڵی کۆنفرانسەکانی هۆتێل (دەدەمانی جزیرێ) بەڕێوەدەچێت. جگە لە مەسعود بارزانی، چەندان مامۆستا و ئەکادیمیستی زانکۆکانی هەرێمی کوردستان بۆ سیمپۆزیۆمەکە بانگهێشتکراون.
مەلای جزیری، ناوی تەواوی شێخ ئەحمەد کوڕی شێخ محەمەدە (١٥٧٠-١٦٤٠)، یەکێکە لە دیارترین شاعیرانی کلاسیکی کورد و دامەزرێنەری قوتابخانەی شیعریی کورمانجی ژوورووە. جزیری لە جزیرەی بۆتان لەدایکبووە و هەر لەوێش کۆچی دوایی کردووە. وەک زانایانی سەردەمی خۆی، جگە لە زانستە ئایینییەکان، لە فەلسەفە، ئەستێرەناسی، کیمیا و پزیشکیشدا شارەزایی هەبووە و زمانەکانی کوردی، عەرەبی، فارسی و تورکی بە باشی زانیوە.
مەلای جزیری بە (پیری عەشق) ناسراوە و شیعرەکانی زۆربەیان لەسەر بابەتی عیرفان و خۆشەویستیی خودایی و مرۆیین. دیوانەکەی کە بە شێوەزاری کورمانجی نووسراوە، زیاتر لە ١٢٠ شیعری لەخۆگرتووە کە زۆربەیان لەسەر شێوازی غەزەل و قەسیدەن. بەرهەمەکانی تەنها باسی دڵداری ناکەن، بەڵکو ئاوێنەی قووڵایی بیر و تێڕوانینی فەلسەفی و زانستیی سەردەمەکەی خۆیەتی و بابەتگەلێکی وەک مێژوو، فەلسەفە و زانستە سروشتییەکانی تێدا ڕەنگی داوەتەوە.