بە پێی دواین زانیاری تا
ئێستا ژمارەی کوژراوەکان بوەتە سێ کەس و دە کەسی دیکەش بریندارن کە برینی شەشیان
سەختە.
شەممە، ٢٩ تشرینی دووەم، خەڵکیگوندی لاجانی سەر بە شارەدێی گوێڕ لە
سنوری پارێزگای هەولێر دەستیان بە ناڕەزایەتی دەربڕین کرد و لەبەردەم پاڵاوگەی
لاناز خۆپیشاندانیان کرد، خۆپیشاندانەکە گرژی تێدا دروستبوو، بە پێی زانیاریە سەرەتاییەکان
ژمارەی کوژراوەکان بونەتە سێ کەس و ژمارەی بریندارەکانیش دە کەسە، کە لەلایەن
پاسەوانانی پاڵاوگەکە و هێزە ئەمنیەکانەوە تەقەیان لێکراوە.
لە کاتژمێر ٤:٣٠ خولەکی
ئێوارەوە تەقەکردن وەستاوە، موختاری گوندەکە و لایەنی بەرپرس لە گفتوگۆدان بۆ
ئازادکردنی ئەو کەسانەی دەستبەسەرکراون و جێبەجێکردنی داواکاریەکانیان.
هەتا ئێستا لایەنی بەرپرس
لە سنوری پارێزگای هەولێر هیچ
ڕونکردنەوەیەکیان نەکردوە و لەلایەن میدیاکانی نزیک لە پارتی دیموکراتی
کوردستانیشەوە ڕوماڵی ڕوداوەکە ناکرێت، لە کاتێکدا هەوڵی ڕیگریکردن لە ڕوماڵی
میدیاکانی دیکەش درا.
لە کاتێکدا باس لەوە دەکرێت کە کارەبای گوندەکە بڕدراوە و هێزی زیاتریش ڕاوانەی گوندەکە کراوە.
خەڵکی گوندی لاجان لە ٢٧
ئەم مانگەوە دەستیان کردوە بە ناڕەزایەتی دەربڕین دژی داخستنی ئەو دوو پاڵاوگەی
بەشێوەی یاسایی لە سنوری گوندەکەیان کاردەکەن و چەند پاڵاوگەیەکی دیکەی نایاسای، خەڵکی
ئەو گوندە داواکاربوون ئەگەر پاڵاوگەکانیش دانەخرێن ئەوا خەڵکی گوندەکە لە ناو
کارگەکاندا کاربکەن.