وەزارەتی سامانە سروشتییەکان: یەکەم کاروانی هاوکاری ‌گازی عێراق گەیشت

وەزارەتی سامانە سروشتییەکان، گەیشتنی یەکەم کاروانی گازی ماڵانی لە عێراقەوە بۆ هەرێمی کوردستان ڕاگەیاند، دەڵێت'' ڕاستەوخۆ بەسەر کارگەکانی گاز دابەشی دەکرێت''.

وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێمی کوردستان، لە ڕاگەیەنراوێکدا، بڵاویکردەوە'' یەکەمین کاروانی گازی ماڵان لە وەزارەتی نەوتی عێراقەوە گەیشتە هەرێمی کوردستان و ئەو گازە شلانەی کە بۆیان نێردراوە ڕاستەوخۆ بەسەر کارەگانی گاز دابەشی دەکەن.'' 

ئاماژە بەوەشکراوە، کەمال محەممەد ساڵح، وەزیری سامانە سروشتییەکان کە بە وەکالە لە پۆستەکەیەتی هەر لە دوای هێرشە تیرۆرستییەكەی سەر كێڵگەی كۆرمۆڕ، داوای ٧٦٠ تەن گازی لە وەزارەتی نەوتی عێراق كرد، بۆ سەرجەم پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆكانی هەرێم، تا ئەو كاتەی لە كێڵگەی كۆرمۆر دەست بە بەرهەمهێنانی گازی ماڵان دەكرێتەوە.

لە کۆتایدا ئەوەش هاتووە'' ئەم بڕە گازەش لەگەڵ ئەو گازەی لە كۆگاكانی وەزارەتی سامانە سروشتییەكاندا هەیە، بەشی پێداویستیی ناوخۆی هەرێمی کوردستان دەكات.'' 

شەوی ٢٦ تشرینی دووەم ٢٠٢٥، هێرش کرایە سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر لە چەمچەماڵ و بە هۆیەوە کۆگایەکی گاز گڕیگرتوو، ڕوداوەکە بوە هۆی کەمبونەوەی کارەبای هەرێمی کوردستان بە ڕێژەی لە ٨٠٪، ئەم ڕوداوە کاردانەوەی لە ئاستی ناوخۆی و دەرەوەدا بەدواداهات.




PM:07:44:29/11/2025