نەوەی نوێ: پێویستە تەقەکەرەکانی خۆپیشاندانەکان سزا بدرێن

فراكسیۆنی‌ نه‌وه‌ی‌ نوێ له‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان روونكردنه‌وه‌یه‌كی‌ ده‌رباره‌ی‌ خۆپیشاندانەکانی گوندی‌ لاجان بڵاوكرده‌وه‌ تێدا هاتووە” له‌ رووداوێكی چه‌ند باره‌ بووه‌وه‌دا، ئه‌مڕۆ له‌لایه‌ن هێزێكی چه‌كداره‌وه‌ به‌ ته‌قه‌ كردن وه‌ڵامی خۆپیشاندانی مه‌ده‌نیانه‌ی كۆمه‌ڵێك گه‌نج و دانیشتوانی گوندی لاجانی سنووری پارێزگای هه‌ولێر درایەوە.” 

نه‌وه‌ی‌ نوێ ده‌ڵێت” دووباره‌ بوونه‌وه‌ی ئه‌م رووداوانه‌ و وه‌ڵامدانه‌وه‌ی خۆپیشانده‌ران به‌چه‌ك كه‌ داوای مافێكی ئاسایی و یاسایی خۆیان ده‌كه‌ن، سه‌لمێنه‌ری ئه‌و راستیه‌یه‌ كه‌ حكومه‌تی ماوه‌به‌سه‌رچوو له‌ئاست چاره‌سه‌ری هه‌ر كێشه‌یه‌كی هاووڵاتیاندا ده‌سته‌وه‌ستانه‌".

ئه‌وه‌شی‌ خستووه‌ته‌ڕوو، حكومه‌تی ماوه‌به‌سه‌رچوو مه‌به‌ستی نییه‌ به‌شێكی زۆر له‌ كێشه‌ی هاووڵاتیان، به‌تایبه‌تیش كێشه‌ی بێكاریی گه‌نجان چاره‌سه‌ر بكات، له‌بری وه‌ڵامدانه‌وه‌ی داواكارییه‌كانیشیان به‌شێوه‌یه‌كی مه‌ده‌نیانه‌ كه‌چی به‌ چه‌ك رووبه‌روویان ده‌بێته‌وه‌. 

له‌ روونكردنه‌وه‌كه‌دا هاتووه‌” ئێمه‌ له‌ فراكسیۆنی نه‌وه‌ی نوێ جگه‌ له‌ پشتیوانیمان بۆ هه‌ر خۆپیشاندان و ناره‌زاییه‌كی مه‌ده‌نیانه‌ی دوور له‌ توندو تیژی، هاوكات داوا ده‌كه‌ین كه‌ ته‌قه‌كه‌ران جا له‌ هه‌ر هێزێك بن، رووبه‌رووی سزای خۆیان بكرێنه‌وه‌و هه‌ردوو حزبی ده‌سه‌ڵاتیش چیدی ده‌ست هه‌ڵبگرن له‌وه‌ڵامدانه‌وه‌ی خۆپیشانده‌ران به‌ چه‌ك و توندوتیژی و له‌ بری ئه‌وه‌ ده‌رفه‌تی كاری راسته‌قینه‌ و دادپه‌روه‌رانه‌ بۆ گه‌نجان و هاووڵاتیان دابین بكه‌ن".

ئه‌مه‌ش دوای‌ ئه‌وه‌ هات كه‌ دوا نیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ له‌كاتی خۆپیشاندانی به‌شێك له‌ هاوڵاتیانی گوندی لاجانی سه‌ر به‌ پارێزگای هه‌ولێر، له‌به‌رده‌م كۆمپانیایه‌ك كه‌ داوای دامه‌زراندنیان ده‌كرد، شه‌ڕو ئاڵۆزی رووی دا و له‌ئه‌نجامدا كه‌سێك كوژرا و چه‌ند كه‌سێكی تر بریندار بوون.




PM:08:30:29/11/2025