"یەكێتی‌و پارتی لەبایەخی دەستكەوتەكانی یەكتر كەمدەكەنەوە"

‌پێشمەرگە لەبەرەکانی شەڕ
سەرنوسەری گۆڤاری رایەڵ پێیوایە میدیاكانی یەكێتی‌و پارتی لە بایەخی دەسكەوتەكانی شەڕ لەگەڵ داعش كەم دەكەنەوە‌و دەسكەوتەكانی خۆیان بە گەورە نیشان دەدەن.

دڵشاد ئەنوەر، سەرنوسەری گۆڤاری رایەڵ كە پێشتر رۆژنامەنوسی شەهید كاوە گەرمیانی سەرنوسەری بووە، لە ئەكاونتی تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك دەنوسێت "كاتێك جەلەولا كۆنترۆڵكرایەوە، میدیای یەكێتی كۆنترۆڵكردنەوەی ئەو ناحیەیەی كردە دەستكەوتێكی گەورە و میدیای پارتیش لە بایەخی كەم دەكردەوە..

ئێستاش كە شەنگال خەریكە كۆنترۆڵ دەكرێتەوە، میدیای پارتی بەزمێكی خولقاندووە مەگەر هەر خۆی سەری لێدەر بكات و میدیای یەكێتیش لەبایەخی كەمدەكاتەوە..".

دڵشاد ئەنوەر كە هاوڕێی كاوە گەرمیانی بووە هەروەها دەنوسێت "لەراستیدا كۆنترۆڵكردنەوەی ئەو دوو ناوچە پەیوەندی بەیەك شتەوە هەیە ئەویش نەمانی داعشە لەو ناوچانە و ژمارەی ئەو چەكدارانەی داعش كەماون زۆر كەمن ، هەموویان كشاونەتەوە..".

لەكۆتاییدا دەنوسێت "دوو مانگ لەمەوبەر ئێمە لە هاوڵاتی لە زاری ئەندامێكی كەتیبە كوردستانیەكانی داعشەوە بڵاومانكردەوە، داعش چەكە قورسەكان بۆ سوریا دەبات و ئامادەكاری دەكات بۆ كشانەوە لەزۆربەی ناوچەكانی عێراق تەنها شریتە حدودیەكان نەبێت، بۆیە گرنگە برادەرانی یەكێتی و پارتی لەدۆخەكە تێبگەن لەبری هەڵا دروستكردن...".




PM:02:48:22/12/2014