وەزارەتی کارەبا: لە ماوەی ٢٤ کاتژمێری داهاتوو دۆخی کارەبای نیشتمانی ئاسایی دەبێتەوە

وەزارەتی کارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاشکرای کرد کە لە ماوەی ٢٤  کاتژمێری داهاتوو، دۆخی کارەبای نیشتمانی ئاسایی دەبێتەوە.

ئەمڕۆ یەکشەممە، وەزارەتی کارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە: کاتژمێر دووی بەرەبەیانی ئەمڕۆ دەست بە گواستنەوەی غاز لە کێڵگەی کۆرمۆر بۆ وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا کرا و وێستگەکانی کارەبا بەگەڕ دەخرێنەوە.

باسی لەوەشکردووە: ئێستا دۆخی کارەبا ڕوو لە باشبوونە و لە ماوەی ٢٤ کاتژمێردا، دۆخەکە بە تەواوەتی ئاسایی دەبێتەوە.

کاتژمێر ١١:٣٠ خولەکەی شەوی ٢٦ تشرینی دووەم ٢٠٢٥، هێرش کرایە سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر لە چەمچەماڵ و بە هۆیەوە کۆگایەکی گاز گڕیگرتوو و تا کاتژمێر ٩:٠٠بەیانی ڕۆژی دواتر ئاگرەکە بەردەوام بوو، ڕوداوەکە بوە هۆی کەمبونەوەی کارەبای هەرێمی کوردستان بە ڕێژەی لە ٨٠٪، ئەم ڕوداوە کاردانەوەی لە ئاستی ناوخۆی و دەرەوەدا بەدواداهات.



AM:09:46:30/11/2025