باوکی گەنجە کوژراوەکەی گوندی لاجان: بەڵگەمان هەیە بە دۆشکە تەقە لە کوڕەکەم کراوە


بەهادین بەرزنجی باوکی ئەو گەنجەی دوێنێ لە گوندی لاجان کوژرا، دەڵێت " بکوژ ناسراوەتەوە و دوو بەڵگەی ڤیدیۆییم لەلایە کە هێزی ناوخۆی ئەو سنوورە بە دۆشکە تەقەیان لە کوڕەکەم کردووە".

یەک شەممە، ٣٠ تشرینی دووەم ٢٠٢٥، لە یەکەم ڕۆژی پرسەی عیرافانی ٢٥ ساڵ لە کەرکوک، لە  کۆنفرانسێكی ڕۆژنامەوانیدا بەهادین بەرزنجی باوکی، کە دوێنێ کوڕەکەی لە گوندی لاجانی سەر بە پارێزگای هەولێر کوژرا ڕایگەیاند "کوڕەکەم شۆفێری بارهەڵگرە و لە گوێرەوە چەو و لم بۆ پڕۆژەکانی ناو هەولێر بار دەکات، لەو کاتەدا کە کوڕەکەم گەیشتووەتە شوێنی خۆپیشاندانەکە بووەتە تەقەکردن، ویستوویەتی خۆی ڕزگار بکات لەو کاتەدا لە ناوەڕاستی شەقامەکە بە دۆشکە تەقەیان لێی کردووە".

باوکی عیرفان سەبارەت بە تەقەکارەکان ووتی " فەرمانی تەقەکردن لە کوڕەکەم کرا لە کاتێکدا کوڕەکەم نە تیرۆریست بوو و نە خۆپیشاندەر بووە، خۆم لە پزیشکی داد تەرمەکەیم وەرگرتەوە و فیشەک لە پێشەوەی سەری درابوو و لەپشتەوە دەرچووە، دوای بەڕێوەچوونی دوو ڕۆژی پرسەکە سکاڵا تۆمار دەکەین و نابێت خوێنی کوڕەکەمان بەهەدەر بڕوات".

عیرفان بەهادین ژیانی هاوژینی پێکهێناوە و ماوەی دوو مانگە بوەتە باوک و لە خانوی کرێدا ژیاوە. 

دوێنێ ٢٩ تشرینی دووەم ٢٠٢٥، لە گوندی لاجانی سەر بە پارێزگای هەولێر خەڵکی گوندەکە لەبەردەم کۆمپانیانی لاناز خۆپیشاندانیان ئەنجامدا و داوای داخستنی دوو پاڵاوتگەیان کرد لە سنوری گوندەکەیان یاخود خەڵکی گوندەکە لەناو پاڵاوتگەکان کاربکەن، دواتر لە لایەن پاسەوانانی کۆمپانیاکە و هێزە ئەمنیەکانەوە، تەقە لە خۆپیشاندەران کرا و بە پێی ئامارە نافەرمیەکان یەک کەس کوژراوە و ١٣ کەسی دیکەش بریندارن، وەزارەتی ناوخۆی هەرێمیش خۆپیشاندەرانی بە "تێکدەر و دەستی دەرەکی" ناوهێنا لە ڕاگەیندراوێکدا و هەتا  بڵاوکردەنەوەی ئەم هەواڵەش هێزێکی ئەمنی لە ناو گوندەکەدا جێگیرکراون. 






PM:05:04:30/11/2025