هێرشەکەی سەر کێڵگەی کۆرومۆر بە میلیشیاکانی سەر بە ئێران ئەنجامدراوەو شوێن پەنجەی تورکیای پێوەیە

هێرشەکەی سەر کۆرومۆر لەلایەن گرووپێکی تورکمانی شیعەوە ئەنجامدراوە، بەڵام بەرپرسی ئەو هێزە لەم ماوەیەی رابردوودا چەندجارێک سەردانی وڵاتی تورکیای کردووە.

بەپێی هەندێک زانیاری لە سەرچاوەی نزیک لە لیژنەی لێكۆڵینەوە حکومەتی فیدراڵی کە نوێنەری حکومەتی هەرێمیشی تێدایەو دەست ماڵپەڕی" سپی " کەوتووە، لیژنەکە گەیشتوونەتە ئەو ئەنجامەی کە هێرشەکە لەلایەن میلیشیا تورکمانە شیعەکانی سەر بە ئێرانەوە ئەنجامدراوە، بەڵام فەرماندەی ئەو هێزە لە ماوەی رابردوودا چەند جارێک سەردانی تورکیای کردووەو گومانی هەبوونی پەیوەندی بە تورکیاوە اێدەکرێت.

هێرشەکە درۆنی بووە، نەک مووشەک

لە کاتێکدا کە لەسەر ئاستی عێراق و کوردستان زۆربەی میدیاکان بڵاویانکردەوە کە هێرشەکە لە رێگای مووشەکەوە ئەنجامدراوە، بەڵام ئەو زانیاریانەی دەست لیژنەکە کەوتووە، لە رێگای دوو درۆنەوە بووە.

ئەو گرووپە میلیشیا شیعانە لە ناوچەکانی دووزو داقوق و کەرکوکن، فەرماندەکەیان چەندان جار سەردانی تورکیای کردووە، لە کاتێکدا خۆیان سەر بە ئێرانن، بەڵام بەپێی زانیارییەکانی " سپی " ئەو گرووپانە بە کرێگیراون و لەلایەن ئێران و تورکیاوە بە کاردەهێنرێن و گومانەکان بۆ ئەوە دەچن لە هێرشەکەی ئەمجارەی سەر کۆرومۆردا لەلایەن تورکیاوە بە کارهێنرابن.

عێراق دەیەوێت بە ناوی پاراستنی کێڵگەکەوە کۆنترۆڵی بکات

بەپێی زانیارییەکانی ماڵپەڕی " سپی " لە کۆبوونەوەکەی لیژنەکەدا، عەبدولەئەمیر شەمەری وەزیری ناوخۆی عێراق کە سەرۆکی لیژنەکە بووە داوایکردووە کە لیوایەکی سوپای عێراق بهێنرێت بۆ کیڵگەی کۆرومۆر بۆ پاراستنی کێڵگەکە لە رێگای چەکی پێشکەوتووە، بەڵام نوێنەرانی حکومەتی هەرێم لە لیژنەکە رەتیانکردۆتەوەو، ئەم پێشنیارەی شەمەری وا لێکیانداوەتەوە کە حکومەتی عێراق دەیانەوێت کۆنترۆڵی کێڵگەی کۆرومۆر بکەن.
  
لیژنەکە  کە بەفەرمانی سودانی سەرۆک وەزیران پێکهێنرا لەلایەن عەبدولئەمیر شەمەری وەزیری ناوخۆ سەرۆكایەتی دەكرێت و ئەندامێتی؛ هەریەكە لە سەرۆكی دەزگای هەواڵگریی عێراق و وەزیری ناوخۆی هەرێمی كوردستان و نوێنەری ئاسایشی هەرێم و چەندان بەرپرسی تری عێراق و کوردەوە، لیژنەکە بە پاڵپشتی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی كارەكەیان دەكەن و لیژنەیەكی هونەریش هەیە كە فەرماندەیی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەكان سەرۆكایەتیی دەكات بەمەبەستی پێشكەشكردنی روانگەی هەواڵگریی و هونەری.   

کاتژمێر ١١:٣٠ خولەکی شەوی ٢٦ تشرینی دووەم ٢٠٢٥، هێرش کرایە سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر لە چەمچەماڵ، بە هۆیەوە یەکێک لە کۆگاکانی گازی کێلگەکە گڕی گرت تا کاتژمێر ٩:٠٠ بەیانی ڕۆژی دواتر کۆنترۆڵکرا، بەرهەم هێنانی گاز لە کێڵگەکەدا وەستاوە  و لە ٨٠٪ خەڵکی هەرێمی کوردستان بۆ ماوەی سێ رۆژ بێ کارەبا بوون، ئەمە هێرشە یانزەهەمین هێرشبووە کە کراوەتە سەر ئەو کێڵگەیەی کارەبای هەموو هەرێم و بەشێک لە عێراق بەتایبەتی پارێزگاکانی موسڵ و کەرکوک دابین دەکات.





PM:10:25:30/11/2025