یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا سەردانی هەرێم دەکات

یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا گەیشتە عێراق، بڕیارە بۆ کردنەوەی گەورەترین کۆنسوڵخانەی وڵاتەکەی سەردانی هەرێمی کوردستان بکات.

ئەمڕۆ دوو شەممە ١ی کانونی یەکەم، مایکڵ ڕێگاس یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا گەیشتە بەغداد بەپێی ئەو زانیارییانەشی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا پێش سەردانەکە خستیەڕوو، بڕیارە لە سەردانەکەیدا کۆبوونەوە لەگەڵ سەرکردە و بەرپرسە باڵاکانی عێراق ئەنجامبدات بۆ پشتگیریکردن لە ئامانجە هاوبەشەکانی پەیوەست بە گەیشتن بە سەروەریی و خۆشگوزەرانیی وڵاتەکە.

 بەشێکی دیکە لە ئامانجەکانی سەردانی مایکڵ ڕێگاسی، سەردانیکردنی هەرێمی کوردستانە و لە هەولێر بەشداری کردنەوەی کۆنسوڵخانەی ئەمەریکا دەکات، کە بە گەورەترین کۆنسوڵخانەی ئەمەریکا دادەنرێت لە ناوچەکە.

هاوکات، لەگەڵ لایەنە عێراقییەکان، هاریکاریی سیاسی و ئابووریی و ئاساییش و ئەمنی تاووتوێ دەکەن، هەروەها پێداچوونەوە بە ئۆپەراسیۆنەکانی دامەزراوە دیپلۆماسییەکانی ئەمریکا لە عێراق دەکات.

 ئەوە یەکەم بەرپرسی باڵای وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکایە لەدوای دەستبەکاربوونی ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، سەردانی عێراق بکات.




PM:02:05:01/12/2025