بەپەلە.. ئەندامێکی مەکتەبی سیاسی یەكێتیی دەستیلەکارکێشایەوە


ئەمڕۆ کۆبونەوەی مەکتەبی سیاسی یەکێتی بەڕێوەچوو و تێدا یەکێک لە دیارترین ئەندامەکانی دەستیلەکار کێشایەوە. 

دووشەممە ١ی کانونی یەکەمی ٢٠٢٥، کۆبونەوەی مەکتەبی سیاسی بەڕێوەچوو و تێدا دەستلەکارکێشانەوەی (شاڵاو شەهید عەلی عەسكەری) پەسەندکرا کە بە ویستی خۆی داوای لە مەكتەبی سیاسی كرد، دەستبەرداری پۆستی مەكتەبی سیاسیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان ببێت. 

دەقی ڕاگەیەندراوەکەی یەکێتی:

هەڤاڵی تێكۆشەر و خۆشەویست، دوای 49 ساڵ خەبات و قوربانیدان، هەروەها ئامادەبوونی لەهەموو قۆناغەكانی شاخ و شار، هەڤاڵی تێكۆشەر (شاڵاو شەهید عەلی عەسكەری)، بەویستی خۆی داوای لە هەڤاڵانی مەكتەبی سیاسی كرد، دەستبەرداری پۆستی مەكتەبی سیاسیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان ببێت. 

لە وتەکانیدا ئاماژەی بەوەدا، کە لە دەرەوەی ئۆرگان و بەرپرسیارێتی حزبی داكۆكیكارێكی سەرسەختی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان دەبێت و لەهەر وێستگەیەكی خەباتیشدا لەپێناو یەكێتی ئامادەیی دەبێت.

لەبەرامبەردا، سەرۆك بافڵ جەلال تاڵەبانی ستایشی خەبات و قوربانیدان و تێكۆشانی خۆی و خانەوادە سەربەرزەكەیانی كرد. 

هەروەك رۆڵی هەڤاڵ شاڵاوی بەرز نرخاند، لەو دەستپێشخەرییەی بۆ دەستبەرداربوون لەپۆستەكەی كردوویەتی و ووتی، "دەگمەنن ئەو سەرکردانەی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، بە ئارەزووی خۆی دەستبەرداری پۆست دەبن، ئەوەی باوە بەرپرسانی ناوچەکە هێندە لە پۆستەکانیان دەمێننەوە، کە خەڵک کارە باشەکانیان لەیاد دەکەن، بۆیە ئەوەی هەڤاڵ شاڵاو ئەمڕۆ کردی نموونەی سەرکردەیەکی سەربەرز و بوێر و نیشتیمان پەروەرە".

هەڤاڵانی مەكتەبی سیاسیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانیش، رۆڵی هەڤاڵ شاڵاویان بەرز نرخاند، لەبەرامبەر خەبات و تێكۆشانی چەندین ساڵەی رابردووی لەنێو ریزەكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان.

ژمارەی ئەندامانی مەکتەبی سیاسی یەکێتی، کە لە ڕابردودا پێشمەرگە و کادری یەکێتی بوون لە شاخ، ئێستا لە پەنجەی دەست تێناپەڕێن.







PM:05:29:01/12/2025