ئومێد خۆشناو لە گوندی لاجان: لەیەکچوون بۆ هۆتێل لالەزار و گوندی لاجان مەکەن

‌ئومێد خۆشناو- پارێزگاری هەولێر لە گوندی لاجان


پارێزگاری هەولێر، ئومێد خۆشناو، لە گوندی لاجانەوە دەڵێت " ئەوانەی دەیانەوێت چاوساغیەکەیان بۆ سەر کۆرمۆر لە بیری خەڵک بچێتەوە، هەر ئاژاوەگێڕییەک بکەن ناتوانن لە بیری خەڵکی ببەنەوە، ڕوداوەکەی لالەزاریش بە گوندی لاجان لەبیر خەڵک مەبەنەوە، لالەزار لە بیرەوەری خەڵکدا دەمێنێتەوە".

دوو شەممە، ١ کانوونی یەکەم ٢٠٢٥، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، لە گوندی لاجان کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانی ئەنجامدا و لەسەر ڕوداوەکانی ئەم سێ ڕۆژەی گوندەکە قسەی بۆ میدیاکانی نزیک لە پارتەکەی کرد و ڕایگەیاند "ئەو فیتنەیە بە هەوڵی ئەوانەیە کە دەیانەوێت ئارامی هەرێمی کوردستان تێکبدەن، ڕێکارە یاساییەکان دەگیرێنە بەر، هەموو ئەو دەنگۆیانە ڕەتدەکەینەوە کە لە کەناڵە چەواشەکارەکان ئەوانەی درێژەپێدەری توندوتیژین لە وڵاتدا و نایانەوێت خۆشی  و ئارامی هەبێت".

" خزمانی هەرکی ئەوانەن کە خاوەنی خوێنێکی زۆرن بۆ ئازادی و ئارامی، لە هەڵبژاردندا زۆرینەی دەنگی گوندی لاجان بۆ پارتی بوو، ئەم شەویش هەڵبژاردن بێت ئەو خەڵکە هەر باوەڕی بە ماڵی بارزان و ڕیبازی پارتی دیموکراتی کوردستانە" پارێزگاری هەولێر وا دەڵێت.

ئومێد خۆشناو، ووتی "ئێستا لێرەین بۆ ئەوەی ئەو خەڵکەی گوندەکەیان بەجێ هێشتوە، داواکارین کە بەشێکیان گەڕاونەتەوە ئەوانی دیکەش بگەڕێنەوە بۆ ناوماڵی خۆیان، ئەو دەنگۆیانە ڕەت دەکەینەوە کە خەڵک ئازار دەدرێت شتی وا نییە، ئەوان خاوەنی ئەم وڵاتەن. و ڕێکار و لێپرسینەوەکان بەردەوامە بە جۆرێک، ئەو فیتنەچیانەی دەیانەوێت ئارامی تێکبدەن ، ئێمە و خەڵکی لاجان و هەرکیەکانیش لە دژیان دەوەستینەوە".

لە کۆتایدا پارێزگاری هەولێر ووتی "دەیانەوێت سەرکەوتنی گەورەی پارتی لە هەڵبژاردن کەمبکەنەوە ئێمەش ئەوە قبوڵ بکەین، خەڵکی هەرکی و لاجان قبوڵی ناکەن".

ڕۆژی ٢٩ تشرینی دووەم ٢٠٢٥، خەڵکی گوندی لاجان لە سنوری پارێزگاری هەولێر، چوونە بەردەم کۆمپانیای لاناز و داوایانکرد ئەو دوو پاڵاوتگەیەی لە گوندەکەیان هەیە دابخرێن یاخود خەڵکی گوندەکە لە ناو پاڵاوتگەکەدا دابمەزرێن و کاربکەن، لە ئەنجامدا لە لایەن پاسەوانی کۆمپانیا و هێزە ئەمنیەکانەوە، دەستڕێژی گولە لە خۆپیشاندەران کرا و بە پێی ئامارە نافەرمییەکان گەنجێکی تەمەن ٢٥ ساڵ، کە شۆفێری بارهەڵگر بوو کوژرا و ١٣ کەسی دیکەش برینداربوون، ژمارەیەکیش دەستگیرکراون کە تا ئێستا نازاندرێت چەند کەسن، لە یەکەم ڕۆژی ڕوداوەکەدا وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان خۆپیشاندەرانی بە "ئاژاوەگێڕ و تێکدەر" ناوبرد و ماوەی سێ ڕۆژە لەو گوندەکەدا هێزێکی زۆری ئەمنی جێگیرکراون و کارەبای گوندەکە بڕدراوە و هێلەکانی پەیوەندیش لاواز کراون، لە هەمان کاتدا ئەمڕۆ بەشێکی خەڵکی گوندەکە، گوندەکەیان چۆڵکرد. 





PM:08:47:01/12/2025