کەسایەتی دیاری عەشرەتی هەرکی، خورشید هەرکی دەڵێت " مەسەلەی ئاڵۆزیەکان هەبوونی تێکدەر نەبوە و هەرکات نادادپەروەری هەبوو کێشە دروست دەبێت، کەس هەیە ٥٠ ئۆتۆمبێلی لە کۆمپانیای لاناز کار دەکات و کەسیش هەیە یەک ئۆتۆمبێلی کار ناکات، بۆیە ئەمە هۆکاری کێشەکەیە و دەبوو بەر لە دروستبوونی ئاڵۆزیەکان بەڕێوبەری کۆمپانیای لاناز چارەسەری بکردایە".
دوو شەممە، ١ کانوونی یەکەم ٢٠٢٥، خورشید هەرکی، کەسایەتی دیاری عەشرەتی هەرکی لە چاپێکەوتنێکی کەناڵی ڕووداو، لەسەر ئاڵۆزیەکانی سێ ڕۆژی گوندی لاجان قسەی کرد و ڕایگەیاند "خەڵکی گوندی لاجان داوای کاریان کردوە و ئەوانەی سودمەندن هیچ قسەیەکیان نییە و ئەوانەی سودمەندیان سفرە لەو کارەدا، ئەوان کێشەیان هەیە بۆیە نادادی هەیە، خۆم بە وەزیری ناوخۆم وتوە و دۆخەکەمان هێور کردۆتەوە، هێوربونەوەکەش دەگەڕێتەوە بۆ گوندی لاجان دەستگیرکراوەکان ئازاد دەکرێن و خەڵک دەگەڕێنەوە".
سەبارەت بە ئەوەی کێشەکان ئاژەوەگێڕی و دەستی دەرەکی بوون، ئەو کەسایەتیەی هەرکی دەڵێت " ئەو کێشەیە سیاسی نییە و لێکتێنەگیشتن بوە لە نێوان خەڵکی لاجان و کۆمپانیای لاناز، ئەو کێشەیە کێشەی پارتی و هەرکی نییە، ئەوانەی خەڵكیان دەربەدەرکرد و خۆیان پارەیان قازنج کرد، و داواکارین وەزیری ناوخۆ ڕێکار بەرامبەر ئەو کەسانە بگرێتەبەر، ئەگەر زووتر لێکۆڵینەوە لە نادادیەکانی لاجان بکردرایە، نە دەگەیشتە ئەمڕۆ و چەک بەکار نەدەهات، دەبوو ئەوانەی لە ١٠٠٪ قازانجیان دەکرد بۆ هەموان بوایە و بەڕێوبەری کۆمپانیای لاناز ئەو کارەی بکردایە".
لە بارەی چوونی هێزی ئەمنی بۆ گوندی لاجان و چۆڵکردنی گوندەکەش لەلایەن خەڵکەوە خورشید هەرکی ووتی "هێزەکان چوون ئەمنیەتی پاڵاوتگەکە بپارێزن، چونکە جێگرەوەی کۆرمۆرە بۆ کارەبا، نەچون دەستدرێژی بکەنە سەر خەڵک، خەڵک بۆ ئەوە گوندی چۆڵکرد هەڵە تێگەیشتن هەبوو، خەڵك ووتیان ئەگەر شتێک ڕووبدات با کەس زیانی بەر نەکەوێت".
"با یەکێتی و پارتیش واز لە شەڕی یەکتر بهێنن و خزمەتی خەڵک بکەن نەک ڕاگەیاندراو بڵاوبکەنەوە و خەڵک لە یەکتر توڕە بکەن، با هێرشەکانیان ڕابگرن"، خورشید هەرکی وای ووت.
ڕۆژی ٢٩ تشرینی دووەم ٢٠٢٥، خەڵکی گوندی لاجان لە سنوری پارێزگاری هەولێر، چوونە بەردەم کۆمپانیای لاناز و داوایانکرد ئەو دوو پاڵاوتگەیەی لە گوندەکەیان هەیە دابخرێن یاخود خەڵکی گوندەکە لە ناو پاڵاوتگەکەدا دابمەزرێن و کاربکەن، لە ئەنجامدا لە لایەن پاسەوانی کۆمپانیا و هێزە ئەمنیەکانەوە، دەستڕێژی گولە لە خۆپیشاندەران کرا و بە پێی ئامارە نافەرمییەکان گەنجێکی تەمەن ٢٥ ساڵ، کە شۆفێری بارهەڵگر بوو کوژرا و ١٣ کەسی دیکەش برینداربوون، ژمارەیەکیش دەستگیرکراون کە تا ئێستا نازاندرێت چەند کەسن، لە یەکەم ڕۆژی ڕوداوەکەدا وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان خۆپیشاندەرانی بە "ئاژاوەگێڕ و تێکدەر" ناوبرد.