ئەمڕۆ لە کاتی ڕوماڵی کەناڵی NRT و کەناڵ هەشت، ڕێگری لە تیمە ڕۆژنامەوانیەکانیان کراوە ڕوماڵی دۆخی گوندی لاجان و قەزای خەبات بکەن و دەست بەسەر کەلوپەلە ڕۆژنامەوانیەکانیشیاندا گیراوە.
سێ شەممە، ٢ کانوونی دووەم ٢٠٢٥، لە قەزای خەبات پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ، هێرشکرایە سەر پەیامنێر و کامێراوانی کەناڵی NRT و دەست بەسەر کەلوپەلەکانیاندا گیرا و بە پێی هەواڵی دەزگا میدیایەکە، بەشێک لە کەلوپەلە ڕۆژنامەوانیەکان شکێندراون و تیمەڕۆژنامەوانیەکەش دەستگیر کراون، لە دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆشدا، پەیامنێر و کامێراوانی کەناڵ هەشت لە کاتی پەخشی ڕاستەوخۆدا هێرش کرایە سەریان و کەلوپەلەڕۆژنامەوانیەکانیان لێ سەندرا.
لای خۆشیەوە ڕێکخراوی پەیامنێران بۆ ماف و گەشەپێدان، لەسەر هێرشکردنە سەڕ ڕۆژنامەوانان لە ماوەی چوار ڕۆژی گرژیەکانی گوندی لاجان و قەزای خەبات ڕایگەیاند " ئەم پێشێلکارییانە سیمای ههرێمی كوردستان له ئاستی ناوهنده نێودهوڵهتییهكان لهكهدار دهكات و داوا لە هیزە ئەمنیەکان و ئهوانهی بە جلی مهدهنییهوه پێشێڵكاری دهكهن، دەست هەڵگرن لەو پێشێڵكارییانه له دژی میدیاكاران دەکرێت، داوا لە دەزگاکانی راگەیاندن دەکەین بە بەرپرسیارێتییەوە مامەڵە لەگەڵ دۆخی ئێستا و رووداوەكانی لاجان بكرێت و نەبنە بەشێك لە شەڕی میدیایی و ئەجێنداو كاری دوور له میدیایی".
ڕۆژی ٢٩ تشرینی دووەم ٢٠٢٥، خەڵکی گوندی لاجان لە سنوری پارێزگاری هەولێر، چوونە بەردەم کۆمپانیای لاناز و داوایانکرد ئەو دوو پاڵاوتگەیەی لە گوندەکەیان هەیە دابخرێن یاخود خەڵکی گوندەکە لە ناو پاڵاوتگەکەدا دابمەزرێن و کاربکەن، لە ئەنجامدا لە لایەن پاسەوانی کۆمپانیا و هێزە ئەمنیەکانەوە، دەستڕێژی گولە لە خۆپیشاندەران کرا و بە پێی ئامارە نافەرمییەکان گەنجێکی تەمەن ٢٥ ساڵ، کە شۆفێری بارهەڵگر بوو کوژرا و ١٣ کەسی دیکەش برینداربوون، ژمارەیەکیش دەستگیرکراون کە تا ئێستا نازاندرێت چەند کەسن، لە یەکەم ڕۆژی ڕوداوەکەدا وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان خۆپیشاندەرانی بە "ئاژاوەگێڕ و تێکدەر" ناوبرد، و میدیاکاران و دەزگاکانی میدیا لەلایەن هێزە ئەمنیەکانەوە لە ماوەی دروستبوونی گرژیەکان تا ئێستا ڕوبەڕوی توندوتیژی بونەتەوە.