بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان، لە بارەی رووداوەکەی گوندی لاجانەوە لە هەولێر، دەڵێت" دەبێت ناوچەکان لە هێزی سەربازی دابماڵرێت".
نیوەڕۆی رۆژی سێ شەممە ٢ ی کانوونی یەکەم بافڵ تاڵەبانی لە بارەی خۆپیشاندان و پێکدادانی نێوان ئەوان و هێزە ئەمنییەکان و چۆڵکردنی گوندی لاجان، دەڵێت " یەکێتی نیشتمانیی کوردستان بە قووڵی نیگەرانە لەو گرژیانەی کە لەم دواییانەدا لە گوندی لاجان لە هەولێر روویانداوە".
لە درێژەی لێدوانەکەیدا سەرۆکی یەکێتی دەڵێت " داوا لە حکومەت دەکەین کە هەوڵی هێورکردنەوەی بارودۆخەکە بدات. نیگەرانییەکانی ئەو خەڵکەش مافی رەوای خۆیانە و دەنگەکەیان دەبێت ببیسترێت، پەیامی هەرکییەکان و هەموو ئەوکەسانەی کە لەناو ئەو رووداوەدان گەیشت و داوا لە خۆپیشاندەران دەکەین پابەندی یاسابن".
بافڵ تاڵەبانی جەخت دەکاتەوە کە گرژییەکان دەبێت بوەستن و دەڵێت" ئێمە وەک یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ئامادەین بۆ هاوکاری و گەڕاندنەوەی ئارامی و دەستەبەرکردنی داواکارییە رەواکانی هاونیشتمانیان. ئەمە ساتێکی هەستیارە بۆ عیراق و هەرێمی کوردستان و دەبێت کورد بە یەکگرتوویی بمێنێتەوە بەتایبەتی ئێستا کە کاتی پێکهێنانی حکومەتە لە بەغداد".
" ئێمە ئامادەین کە کار لەگەڵ خۆپیشاندەران و لایەنی دەسەڵات بکەین بۆ گەیشتن بە لێکتێگەیشتنێکی ئاشتییانە. وە دەبێت ناوچەکان لە هێزی سەربازی دابماڵرێت".( ئەم دوا قسەی پەیامەکەی بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانە.
رووداوی گوندی لاجان لە کاتێکدایە کە پێشتریش هەردوولایەن هێزی چەکداریان بە کارهێناوە بۆ یەکلاییکردنەوەی کێشەی نێوان حزبەکان و رووبەڕووبوونەوەی خەڵکانی ناڕازی و خۆپیشاندەر.