لە ئەنجوومەنی ئاسایش باسی دواكەوتنی پێكهێنانی حكومەتی هەرێم وکێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا كرا


ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی سەر بە نەتەوە یەكگرتووەكان كۆبووەوە و نێردەی عێراقیش لە كۆبوونەوەكە ڕایگەیاند، پێکهێنانی حکومەت لە عێراق و هەرێمی کوردستان دەرفەتە بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی بەغدا و هەولێر و دەشڵێت"هیوادارم کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان حکومەتەکانی بەغدا و هەولێر چارەسەر بکرێن"

محەممەد حەسان،  نێردەی تایبەتی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ عێراق  ئەمڕۆ سێشەممە ڕایگەیاند" پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق دواناکەوێت، هیواشی دەربڕی کە کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان حکومەتەکانی بەغدا و هەولێر چارەسەر بکرێن".
وتیشی" پێکهێنانی حکومەت لە عێراق و هەرێمی کوردستان دەرفەتە بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی بەغدا و هەولێر و چارەسەرکردنی پرسە دیار و پەیوەندیدارەکان، لەوانەش پرسی ناوچە جێناکۆکەکان."

ئەم پرسە لە میانی لێدوانەکەیدا بۆ ئەنجومەنی ئاسایش سەبارەت بە دۆخی عێراق وروژێندرا، حەسان وتی" ئەم ڕاپۆرتە تەنها پێش کۆتایی هاتنی ئەرکی یونامی پێشکەش دەکرێت و دوا ڕاپۆرتە"، و  ئاماژەی بەوەشکرد، " کۆتایی هاتنی ئەرکی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق بە مانای کۆتایی هاتنی هاوکاری لەگەڵیدا نییە، بەڵکو دەستپێکی لاپەڕەیەکی نوێیە".

جەختیشی لەوە کردەوە کە " عێراق لە سایەی گەلەکەی و پاڵپشتی نێودەوڵەتییەوە تیرۆری تێکشکاندووە، هەروەها سەرکەوتوو بووە لە ئەنجامدانی هەڵبژاردنێکی شەفاف بە ڕێژەیەکی بەرزی بەشداریکردن، هاوکات پابەندبوونی خۆی نیشانداوە بۆ گەڕاندنەوەی هاووڵاتیانی لە کەمپی ئەلهۆڵ".

حەسان راشیگەیاند، " پێشبینی دەکەم پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق دوا نەکەوێت،عێراق لە ڕێگای سەقامگیریدا بەسەر هەلومەرجێکی سەختدا زاڵ بووە".

ناوبراو هیوای خواست کە " کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان حکومەتی ناوەند و حکومەتی هەرێم چارەسەر بکرێن"  و نیگەرانی خۆی دەربڕی " لەبارەی هێرشەکانی سەر دامەزراوە گرنگەکان، لەوانەش هێرشی ئەم دواییە بۆ سەر کێڵگەیەکی غاز لە هەرێمی کوردستان، هەروەها وتی" دەبێت بەدواداچوون بۆ ئەو کەسانە بکرێت کە بەرپرسیارن و دادگایی بکرێن".





PM:08:08:02/12/2025