وەزارەتی دەرەوەی تورکیا بۆ بارزانی: ئەو قسانە قبوڵ ناکەین

وەزارەتی دەرەوەی تورکیا داوای ڕوونکردنەوە لە بارەگای بارزانی دەکات سەبارەت بەو ڕاگەیەندراوە توندەی کە لە دژی سەرۆکی مەهەپە بڵاویکردەوە و دەڵێت" قبوڵی ناکەین".

رۆژی چوارشەممە لە وەڵامی راگەیەنراوی بارەگای بارزانی ، وەزارەتی دەرەوەی تورکیا ڕایگەیاند" ئەو ڕاگەیەندراوەی کە بە ناوی نووسینگەی وتەبێژی بارەگای بارزانی بڵاوکراوەتەوە و دەوڵەت باخچەلی سەرۆکی گشتیی مەهەپە دەکاتە ئامانج، لە ڕووی ناوەڕۆک و شێوازی دەربڕینەوە جێگای قبوڵ نییە".

وەزارەتی دەرەوەی تورکیا جەخت لەوەدەکاتەوە، بە فەرمی پەیوەندییان بە پارتی دیموکراتی کوردستان (PDK)ـەوە کردووە و دەڵێت"داوای روونکردنەوەمان لە سەرکردایەتیی پارتی کردووە سەبارەت بەم راگەیێندراوە، کە بانگەشەی بێ بنەمای تێدایە.

لە ڕاگەیاندراوەکەدا جەخت لەسەر ئەوە کراوەتەوە کە داوای ڕوونکردنەوە لە سەرکردایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان کراوە لەبارەی ئەم ڕاگەیاندراوە بێڕێز و ئیستیفزازیەوە کە بانگەشەی بێ بنەمای تێدایە و داوا کراوە دەستبەجێ ڕێکاری پێویست بەرامبەر ئەو کەسانە بگیرێتەبەر کە بەرپرسیارن لەو ڕاگەیاندراوە.

ئەمە لە کاتێکدایە کە سێ شەممە، ٢ کانوونی یەکەم ٢٠٢٥، بارەگای بارزانی لە ڕاگەیاندراوێکدا وەڵامی سەرۆکی پارتی نەتەوەپەرستی تورکیا، دەوڵەت باخچەلی دەداتەوە و ڕایگەیاند " بەداخەوە دەوڵەت باخچەلی لەسەر سەردانەکەی سەرۆک بارزانی بۆ جزیرێ و بەشداری لە سیمپۆزیەمی مەلای جزیری دیسان بەپێی عەقڵیەتی شۆڤینی دواوە و لێدوانی داوە کە دوورە لە هەموو عورفێک و خزمەتی هیچ لایەک ناکات، وامان دەزانی کە خودا دەوڵەت باخچەلی هیدایەت کردووە و  وازی لە ڕەگەزپەرستی و شۆڤینیەت هێناوە، بەڵام دیارە کە هێشتا گورگە بۆرەکەی جارانە ئێستا لە پێستی مەڕدا".

دەوڵەت باخچەلی، یەکێک بوو لەو کەسانەی رەخنەی لە پاسەوانەکانی سەرۆکی پارتی، مەسعود بارزانی گرت کە بە ئاڵای کوردستانەوە چوونەتە جزیرێ و رایگەیاند "دەوڵەتەکەمان خاوەنی دەسەڵات و توانا و لێهاتوویی پێویستە بۆ پاراستنی هەموو سەردانیکارێک".




AM:11:18:03/12/2025