لەبارەی کردنەوەی شەقامی ١٠٠ مەتری بابان شۆفێران ئاگادار دەکرێنەوە


بەرێوەبەرایەتی هاتووچۆی سلێمانی لە بارەی کردنەوەی قۆناغی یەکەمی شەقامی سەد مەتری ( بابان ) ئاگاداریەک بۆ شۆفێران بڵاودەکاتەوە. 

لە ئاگادارینامەکەدا کە لەلایەن موقەدەم بەهمەن عەبدوڵا وتەبێژی هاتوچۆی سلێمانییەوە بڵاوکراوەتەوە، هاتووە " لە ئێستادا شەقامەکە بە هەردوو ئاراستە لە کەرکوکەوە بۆ قەرەداغ و تانجەرۆ بە پێچەوانەشەوە بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ کراوەتەوە".

 لە درێژەی ئاگادارینامەکەدا هاتووە " ئەو ئۆتۆمبێلانەی لە ئاراستەی تانجەرۆ وە دێن لە کۆتایی شەقامی ١٠٠ مەتری بە هۆی کارکردن لە پردی تاسلوجە پێویستە بچنە سەر شەقامی کەرکوک سلێمانی دواتر ئاراستەی خۆیان وەربگرن بۆ دەرچون لە شاری سلێمانی".

وتەبێژی هاتووچۆی سلێمانی ئەوەشی ڕاگەیەیاندووە" شۆفێرانی ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر دەتوانن لە ئێستادا شەقامی ١٠٠ مەتری بە کار بهێنن لەو ئاراستانەی کە دیاری کراوە وە ئەمەش دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی لۆد و قەرباڵغی لە سەر شەقامی ڕاپەرین سلێمانی و شەقامی بازنەیی مەلیک محمود".

لە کۆتاییدا هاتووە "داوا لە شۆفێرانی خۆشەویست دەکەین بە وریاییەوە شەقامەکە بەکار بهێنن لە بەر ئەوەی هێشتا کارکردن لە شەقامەکەدا بەردەوامە و تیمەکان سەرقاڵی کارکردنن بە شەو ڕۆژ" .

ئەمڕۆ چوار شەممە ٣ ی کانوونی یەکەم قۆناغی یەکەمی شەقامی سەد مەتری کە ناونراوە شەقامی بابان کرایەوە کە ئەم قۆناغەی شەقامەکە دەکەوێتە باشوری شاری سلێمانییەوەو تا رۆژهەڵاتی شارەکە درێژ دەبێتەوە.




PM:04:48:03/12/2025