کۆیە.. ١٧ گۆڕی کریستیانەکان شێوێندراون

لە کۆیە لە گۆڕستانی کریستیاننەکان ١٧ گۆڕی هاوڵاتییانی کریستیان شێوێندراون و لیژنەیەک بۆ لێکۆڵینەوە لە بابەتەکە پێکهاتووە. 

شەوی ڕابردو کێلی ١٧ گۆڕی کریستیانەکانی کۆیە لە گۆرستانی هەرمۆتە شکێندراون و تێکدراون، لەناویاندا گۆڕی هونەرمەند خاڵە سێوە هەیە. هەروەها هاوڵاتیانی ناوچەكە باس لەوەدەكەن كە ژمارەیەك گۆڕی دیكەش هەڵدراونەتەوە. ئەوەش نیگرانی لێكەوتەوە.

لەلای خۆشیەوە، هەر یەک لە حکومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئاینی بە توندی ئیدانەی ئەو کارەیان کردوە و دەلێن''  دژی مێژوی ھاوبەش و پێکەوەژیانی ئاینییە.'' 

حکومەتی هەرێمیش، ڕایگەیاند'' کریستیانەکان پێکهاتەیەکی ڕەسەنی کوردستانن و هەرێمی کوردستان وەک هەمیشە، مەڵبەند و نمونەیەکی گەشی بەیەکەوەژیانی ئاشتییانە و تەبایی نێوان گشت پێکهاتەکان بوە و ڕێگەش بە هیچ کەسێک نادەین ئەو دۆخە تێکبدات .'' 

هاوکات، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر بڵاویکردەوە'' لەسەر فەرمانی سەرۆک وەزیران، لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەی فراوان دەستبەکار بووە و بڕیاری نۆژەنکردنەوەی گۆڕستانەکەش دەرچووە.'' 

ئاماژە بەوەشکراوە، ئەرکی سەرەکیی ئەم لیژنەیە بریتی دەبێت لە دۆزینەوەی ئەنجامدەرانی ئەو کارە کە بە نامرۆڤانە و قێزەون وەسف کراوە، تاوەکو ڕاپێچی دادگا بکرێن




PM:08:45:04/12/2025