ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێم ( پارتی ) لە ڕێگای داناپێدانانی لێپرسراوی کۆمیتەی خەباتی یەکێتی نێچیروان عیسا هەرکی یەکێتی و میلیشیا شیعەکان و دەستی دەرەوە تۆمەتبار دەکات کە پالانیان داناوە بۆ رووداوەکانی گوندی لاجان، بەڵام جەوهەر ئاغای هەرکی ئەو تۆمەتانە رەتدەکاتەوەو دەڵێت " بە ئەشکەنجەدان و ئازاردانی تاکی کورد و هێنانیان بۆ سەر شاشەی تەلەفیزیۆن و هەڵبەستنی درۆ و بوختان، ناتوانن بڕوا بە خەڵکی کوردستان بهێنن، چونکە گەلی کورد ئاشنا و شارەزای پیلان و درۆکانیانە ".
جەوهەر محێدین هەركی، پێنجشەممە ٤ی کانونی یەکەمی ٢٠٢٥، لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا دەڵێت'' سەبارەت بە درۆ و ناڕاستی دەزگا بەدناوەکەی پاراستنی پارتی، لێرەوە سەرلەبەری ئەو تۆمەت و چەواشەکاریانە ڕەت دەکەینەوە و ڕایدەگەیەنین، تۆمەت و چەواشەکاریەکانی دەزگای پاراستنی پارتی ناتوانێت ڕووی ڕەشی خیانەتەکانیان و فرۆشتنی خاک و کوشتنی ڕۆڵەی کورد سپی بکەنەوە.''
لە درێژەی قسەکانیدا دەشڵێت'' هەر لێرەوە پێیان دەلێین بە ئەشکەنجەدان و ئازاردانی تاکی کورد و هێنانیان بۆ سەر شاشەی تەلەفیزیۆن و هەڵبەستنی درۆ و بوختان، ناتوانن بڕوا بە خەڵکی کوردستان بهێنن، چونکە گەلی کورد ئاشنا و شارەزای پیلان و درۆکانیانە.''
هەر لە ڕوونکردنەوەکەدا هاتووە'' داوا لە رێکخراوە نێودەوڵەتی و ناوخۆییەکان دەکەین بۆ ڕاستی و دروستی درۆکانی دەزگای پاراستن داوای بەڵگەی پێویست بکەن نەک باوەڕ بە چەواشەکاریەکانیان بکەن ، هەردادگایەکی نیودەوڵەتی بێلایەن هەبێت ئامادەین بێینە دادگا با هەموو خەلکی کوردستان بزانێت کێ لەسەر حەقە، هەموو جیهانیش بزانێت کە هێنانە سەرشاشەی گەنجێکی هەرکی و ئەوەی ناچارکراوە بیڵێت، هیچ ئەسڵ و ئەساسێکی نییە.''
پێش ئەم روونکردنەوەیەکی جەوهەر هەرکی، ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان ڕاگەیێنراوێکی لەسەر ڕووداوەکانی گوندی لاجان و شارۆچکەی خەبات لە پارێزگای هەولێر بڵاوکردەوە، کە تێدا هاتووە'' لایەنی ناوخۆیی و دەرەکی لەپشت گرژییەکانی گوندی لاجانەوە بوون و ئەو لایەنانە ویستوویانە دامەزراوەکانی حکومەت بسووتێنن و تەقینەوە بکەن".
هەر لەو ڕاگەیەندراوە، ڤیدیۆی نێچیروان عیسای تێدایە کە دان بە کۆمەڵێک " تاواندا" دەنێت و یاماژە بۆ هەبوونی دەستی دەرەکی دەکات لەو ڕووداوانەی ڕۆژانی ڕابردوو لە گوندی لاجان ڕوویاندا.
ماوهی نزیكهی ههفتهیهكه دانیشتوانی گوندهكانی دهوروبهری ههولێر خۆپیشاندانیان دهستپێكرد و داوایانكرد ئهو پاڵاوگه نایاساییانه دابخرێن، یاخود ئهو كهسانهی لهوێ كاردهكهن خهڵكی گوندهكان بن و دایانبمهزرێنن، بەڵام هەر زوو ئەو بابەتە کێشەی لێکەوتەوە و بەهۆیەوە توند وتیژی ڕوویداو کەسێک تیایدا کوژراو چەند کەسێکی تر برینداربوون.
بڵاوکردنەوەی ئەو دانپیانانەی نێچیروان عیسا لە کاتێکدایە کە هێشتا کەیسەکەی لە دادگا لە سەرەتادایە و هەموو قۆناغە یاساییەکانی نەبڕیووەو حوکمنەدراوە، بەلآم هێنراوەتە سەر شاشەی تیڤییەکان.