ئەندامی سەرکردایەتی پارتی عەلی عەونی لە جیاتی پارتی قسەی دڵی خۆیان لەسەر رزگارکردنی شەنگال کردو دەڵێت" ئازادكردنی شەنگال تەنیا پێشمەرگە تیایدا بەشداریی كردووە، بەبێ هیچ هێزێكی دیكە، ئەوەش راستە كە زۆرینەی ئەو هێزانە پێشمەرگەكانی ئینتمای حزبیان پارتییە".( بەبێ هیچ ئاماژەکردنێک بۆ دەوری شەڕڤانانی رۆژئاواو هەتا هێزەکانی تریش).
عەلی عەونی لەسەر ئەو پرسە دەڵێت" هەمیشە سەركەوتنەكان خاوەنی زۆرە، بەڵام شكستەكان شتێكی قێزەونی بێ خاوەنە، كە شكان لە شنگال دروست بوو، ئەوكات حزبەكان دەیانویست ئەوە لەسەر پارتی حساب بكەن و هەوڵیان دا خۆیانی لێ بە خاوەن نەكەن، لەكاتێكدا یەكێتی هێزی لەو ناوچەیە هەبوو، جیا لە لیوای موشتەرەك مووچەی دوو هەزار چەكداری دەدا و مەڵبەندی هەبوو، حزبەكانی دیكەش بارەگا و بوونیان هەبوو، بەڵام باسی ئەوەیان نەدەكرد، دەهاتن باسی پارتییان دەكرد، كەسیان بەرپرسیاریەتییان قبوڵ نەدەكرد، ئەوە پارتی بوو جورئەتی ئەوەی كرد ئەو شكستە قبوڵ بكات و خۆی بكات بە خاوەنی".
ئەو ئەندامەی سەرکردایەتی پارتی کە بۆ ماڵپەڕی باس قسەی کردووە دەڵێت" رزگاركردنی شەنگال هەموو كورد خاوەنیەتی نەك پارتی، بەڵام رەنگە بۆ پارتی گرنگتر بێت لە هێزێكی دیكە، ئەوەش پەیوەندیی بەوەوە هەیە كە شنگال زیاتر لە 90٪ی خەڵكەكەی جەماوەری پارتی بووە".
ماڵپەڕی باس کە نزیکە لە مەسرور بارزانی روونتر لەسەر رزگارکردنی شەنگال قسە دەکات و رای رانەگەیەنراوی پارتی بە راشکاوانە تر دەڵێت، کاتێک بڵاویکردۆتەوە کە " بەپێی ئەو زانیارییانە (باس) كە لە سەرچاوەی باوەڕ پێكراوەوە دەستی كەوتوون، پارتی هەر لە سەرەتای دەستپێكی پڕۆسەكەوە ویستوویەتی خۆی خاوەنی ئەو هێرشە بێت و بۆ ئەوەش تەنیا جوڵەی بەو فەرماندانە كردووە كە پێشمەرگەكانی سەر بە پارتی دیموكراتی كوردستانن، واتە مەبەستی بووە ئەو سەركەوتنە خۆی تۆماری بكات، ئەوەش وەك سەرچاوەكە گوتی، پەیوەندیی بە دوو هۆكاری سەرەكییەوە هەبووە، یەكەمیان لە رووی جەماوەریەوە بەر لە هاتنی داعش بۆ شەنگال زیاتر 90٪ی خەڵكی ئەو ناوچانە دەنگیان بۆ پارتی داوە، پارتی ویستوویەتی بوونی خۆی بۆ جەماوەرەكەی بسەلمێنێ، دووەمیان ویستوویەتی كۆتایی بەو توانج و رەخنانەی سەری بهێنێ كە پارتی شنگالی رادەست بە داعش كردووە و ئامادە نەبووە لە كاتی پەلاماری داعش رووبەڕووی چەكدارەكانی ببێتەوە".