ئۆچەلان لەگەڵ چەک دانانی هەسەدە دا نییە


بریکاری هاوسەرۆکی فراکسیۆنی دەم پارتی لە پەرلەمانی تورکیا دەڵێ" عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە لە دیدارەکەیدا لەگەڵ شاندی کۆمیسیۆنی چارەسەری لەبارەی چارەنووسی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) وتوویەتی؛ دەکرێ هەسەدە ببێتە دوو هێز: هێزێک بچێتە نێو سوپای سووریا و هێزێکی دیکەش هێڵی بەرگریی خۆجێیی پێک بێنێت". 
 
گوڵستان کڵچ کۆچیگیت بریکاری هاوسەرۆکی فراکسیۆنی دەم پارتی لە پەرلەمانی تورکیا رۆژی هەینی ٥ـی کانوونی یەکەمی ، لەبارەی ناوەرۆکی دیدارەکەی کۆمیسیۆنی پەرلەمانی تورکیا لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان کۆنگرەیەکی رۆژنامەگەری سازکرد. 
، 
کۆچیگیت دیدارەکەی ئیمراڵی لە بارەی هەسەدەو رای عەبدوڵا ئۆچەلانەوە وتی " ئەو کۆنووسەی لە لایەن سەرۆکایەتیی پەرلەمانی تورکیاوە دراوەتە ئەندامانی کۆمیسیۆنەکە هەموو بۆچوونەکانی ئۆجەلانی لەبارەی رۆژئاوای کوردستان و سووریا تێدا نییە و وتی، قسەکانی تایبەت بە ئەحمەد شەرع، سەرۆک کۆماری سووریا، هەسەدە و یەپەگە "بە رادەیەکی زۆر باسیان نەکراوە." 
 
لە درێژەی قسەکانیدا گوڵستان کڵچ کۆچیگیت وتی" ئۆچەلان پێی وابوو؛ دەکرێ هەسەدە بکرێتە دوو هێز. بەشێکی تێکەڵی سوپای سووریا بێت و ئەوی دیکەی بەردەوام بێ لە دابینکردنی ئاسایشی خۆجێیی." 
 
گوڵستان کڵچ کۆچیگیت ئاماژەی بەوەشکرد، ئۆجەلان گوتی: "ئەگەر سیستم لە سووریا ببێتەوە دیکتاتۆرییەت، بێگومان هێزە کوردییەکان نابنە بەشێک لەو دیکتاتۆرییەتە." 
 
" هەڵسەنگاندنی ئۆجەلان لەبارەی سووریا زۆر فراوان بوو و گوتی: پێویستە سووریا دیموکراسی بێت؛ وتی باس لەوە دەکرێ کە شەرع گۆڕاوە، بەڵام ئەگەر ئەو گۆڕانە دیموکراسی نەبێ، شەرعیش دەبێتە دیکتاتۆر و جارێکی دیکە ئازار بۆ سووریاییەکان دەهێنێت. لە دەقە کورتکراوەکەدا هیچ ئاماژەیەک بەمانە نەکراوە." ( گوڵستان کڵچ کۆچیگیت
 وا دەڵێت). 
لەبارەی هێزەکانی سووریای دیموکرات، گوڵستان کڵچ کۆچیگیت وتی، ئۆجەلان "دەڵێت هێزی سەربازی دەتوانێت تێکەڵی سوپا بێت و جگە لەوەش، ناوچەکە دەتوانێت هێزی ئاسایشی خۆی هەبێ. تەنانەت لەکاتی باسکردنی ئەمەدا وتی "پێموایە لە تورکیا پاسەوان هەیە". مەبەستی ئەوەیە، هێزێک دەچێتە نێو سوپای ناوەندی و هێزێکی دیکەش هێڵی بەرگریی خۆجێیی پێکدەهێنێت و ئاسایش دابین دەکات."
 
گوڵستان کڵچ کۆچیگیت رایگەیاند، ئەوان کە لە دیدارەکەی ئیمراڵی گەڕانەوە کۆنووسێکی ١٦ لاپەڕەییان ئامادە کرد کە هەر ٣ ئەندام واژۆیان لەسەر کرد و رادەستی سەرۆکایەتیی پەرلەمان کرا و رایگەیاند: "هیچ بەشدارییەکمان لەم کۆنووسە نوێیەدا نییە کە وەک پوختە ناوبراوە و هیچ واژۆشمان لەسەری نییە. ئێمە پێمانوابوو کە پێویستە ئەو ١٦ لاپەڕەیە بۆ کۆمیسیۆن و رای گشتی ئاشکرا بکرێ. دەتوانین بڵێین ئەو بەشەی لە کۆنووسە واژۆکراوەکەی ئێمە دەریانهێناوە، دوورە لە گواستنەوەی رووح و هەموو بۆچوونەکانی بەڕێز ئۆجەلان."




PM:11:56:05/12/2025