مەسعود بارزانی، پشتیوانی خۆی بۆ هەر هەوڵێک کە خزمەت بە پرۆسەی ئاشتی و بەهێزکردنی برایەتی و پێکەوەژیانی گەلانی ناوچەکە بکات، دووپات کردەوە و تی" پڕ بە دڵ دەستخۆشی لە حکوومەتی تورکیا و بەڕێز ئەردۆغان و بەڕێز ئۆجەلان دەکەم".
رۆژی شەممە ٦ی کانونی یەکەم مەسعود بارزانی، لە پەیامەکەیدا کە لەلایەن ئامینە زکری، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە کۆنفرانسی نێودەوڵەتیی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراسی لە ئیستانبوڵ خوێنراەوە، جەختی کردەوە " ناوچەکە بە قۆناغێکی هەستیاردا تێ دەپەڕێت و پێویستە هەموو لایەک وانە لە هەڵەکانی ڕابردوو وەربگرن، هەردەم دیالۆگ و لێکگەیشتن باشترە لە شەڕ و ئاڵۆزی و لە گفتوگۆ و ئاشتیدا مرۆڤایەتی براوە دەبێت".
مەسعود بارزانی، پشتیوانی تەواوی خۆی بۆ پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا دەربڕی رایگەیاند" پڕ بە دڵ دەستخۆشی لە حکوومەتی تورکیا و بەڕێز ئەردۆغان و بەڕێز ئۆجەلان دەکەم کە هەلیان بۆ پرۆسەی ئاشتی و دانوستاندن ڕەخساندووە".
ئاماژەی بەوەشدا کە پشتیوانی هەر هەوڵێک دەکات کە خزمەت بە پرۆسەی ئاشتی و بەهێزکردنی برایەتی و پێکەوەژیانی گەلانی ناوچەکە بکات.
کۆنفرانسی نێودەوڵەتیی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراسی، لەلایەن دەم پارتییەوە ڕێک خراوە، ئەمڕۆ دەستی پێ کردووە و تا سبەینێ، یەکشەممە، ٧ کانوونی یەکەم، بەردەوام دەبێت.