هاوڵاتیانی گوندی گەرمک دەڵێن "٢٠ ساڵە لەسەر زەویەکانمان دەرکراوین، ئەوکات ڕژێمی بەعس کێڵگەی پەلەوەری لە سەر دروست کردبوون، ئێستاش حکومەتی هەرێم زەویەکانمانی داوە بە سەرمایەدارێک".
شەممە، ٦ کانوونی یەکەم ٢٠٢٥، جوتیارانی گوندی گەرمکی سەر بە قەزای کۆیەیە، بە هۆی دەرکردنیان لەسەر زەوییە کشتوکاڵیەکان، گردبونەوە و ناڕەزایەتیان دەربڕی، بە قسەی جوتیارەکان ئەو زەویانە تاپۆی بە ناوی خۆیانەوەیە و ئێستا سەرمایەدارێک زەویەکانی داگیرکردوون و کە زیاتر لە ٥٠٠ دۆنم زەویە، و حکومەتی هەرێم بە زەبری هێز دانیشتوانی گوندەکەی دەرکردوە و سەرمایەدارەکە زەویەکانی کردوە بە گەنم و جۆ.
بە پێی زانیارییەکان، لەئێستادا خەندەقێك لە دەوروبەری ئەو ٥٠٠ دۆنم زەوییە هەڵكەندراوە و رێگە بە دانیشتوان و خەڵكی گوندەكە نادرێت بۆ گەشت و سەیرانیش بگەڕێینەوە گوندەكەیان كە دەكەوێتە سەر زێی بچووك و تا ئێستا لایەنی پەیوەندیدار وەڵامی هاوڵاتیانی گوندەکەی نەداوەتەوە.