وتەبێژی یەکگرتووی ئیسلامی دەڵێت "لەگەڵ پێنج لایەنی براوەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق کۆبوینەتەوە، دەستپێشخەریمان کردوە بۆ کاری هاوبەش و یەک هەڵوێستی لە بەغداد".
شەممە، ٦ کانوونی یەکەم ٢٠٢٥، سەڵاحەدین بابەکر، وتەبێژی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان لە لێدوانێکدا بە میدیاکانی ڕاگەیاند "لە کۆبوونەوەکانماندا سەرجەم لایەنەکان بەشێوەیەکی سەرەتایی پێشوازییان لە دەستپێشخەرییەکە کردووە، بەڵام تاوەکو ئێستا بەشێکیان وەڵامیان داوەتەوە و بەشێکی دیکەشیان وەڵامیان نەبوو، ئەگەر وەڵامی سەرجەم لایەنەکانمان پێبگات، ئەوا لەم هەفتەیەدا لەسەر ئاستی مەکتەب سیاسی حزبەکان کۆبونەوە دەبێت".
"ئەگەر ئەو لایانانە هەر وەڵامی دەست پێشخەریەکەیان نەدایەوە، ئەوکاتە ئەو لایەنانەی وەڵامیان داوەتەوە، کۆبونەوەیەکی هاوبەش ئەنجام دەدەن و نەخشەی ڕێگای کاری هاوبەش لە بەغداد دادەنێن"، سەڵاحەدین بابەکر وا دەڵێت.
مانگی تشرینی دووەم ٢٠٢٥، و دوای هەڵبژردنەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان دەست پێشخەریەکی بۆ یەکخستنی نێوماڵی کوردی لە بەغداد ڕاگەیاند، بە ئامانجی یەک دەنگی کورد لە بەغداد.