سەرۆکی یەکێتی، بە پەیامێک بەشداری لە کۆنفڕانسی نێونەتەوەیی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک لە ئیستەنبوڵ کرد و دەڵێت " ئەو بڕیارانەی لە ئێستادا دەیاندەین، ئێستامان دیارییدەکات و شێوە دەداتە دەرفەتەکان و ئازادییەکانی نەوەکانی داهاتوو نەک تەنیا بۆ کورد بەڵکو بۆ سەرجەم پێکهاتە ئەتنی و ئاینییەکان".
شەممە، ٦ کانوونی یەکەم ٢٠٢٥، بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان، پەیامێکی نارد بۆ یەکەمین کۆنفڕانسی نێونەتەوەیی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک لە ئیستەنبوڵ، و لە کۆنفرانسەکەدا پەیامەکەی خوێندرایەوە کە ڕایدەگەیەنێت "ئێمە ئەزموونمان کردووە و دەزانین شەڕ و پێکدادان براوەی نییە. کاتێک کە ئەمڕۆ کۆدەبینەوە بۆ تاوتوێکردنی گرنگیی و بایەخی ئاشتیی و سەقامگیریی، کە دەبنە بناغەی ژیانی شەرەفمەندانە و خۆشگوزەران، ناوچەکەمان لە دووڕیانێکدایە کە دینامیکە جیۆسیاسییەکان لە ناوچەکە و جیهان خەریکە پێدەنێنە قۆناغێکی نوێوە".
یەکەمین کۆنفڕانسی نێونەوەیی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک لە لایەن پارتی دیموکراسی و یەکسانی گەلان (دەم پارتی) لە ئیستەنبوڵ ڕێکخراوە، بۆ ماوەی دوو ڕۆژ بەردوەوام دەبێت.
هەر یەک لە عەبدوڵا ئۆجەلان، ڕێبەری زیندانی کراوی پارتی کرێکارانی کوردستان، مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستانپەیامیان ناردبوو بۆ کۆنفرانەسەکە و خوێندرانەوە، ئیلهام ئەحمەد، هاوسەرۆکی پەیوەندیەکانی دەرەوەی خۆبەڕێوبەری باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا لە ڕێگای زوومەوە بەشداری کۆنفرانسەکە بوو و وتارێکی پێشکەشکرد.