هاكان فیدان: پێویستە هەسەدە تێبگات کە فەرماندەیی و کۆنترۆڵ دەبێت لە یەک شوێنەوە بێت

 وەزیری دەرەوەی توركیا ڕایگەیاند'' هەسەدە ئامادە نین بۆ تێکەڵبونەوە لەگەڵ سوپای سوریا، پێویستە هەسەدە تێبگات کە فەرماندەیی و کۆنترۆڵ دەبێت لە یەک شوێنەوە بێت.''

هاكان فیدان، شەممە ٦ی کانونی یەکەملە میانەی بەشداریكردن لە کۆڕبەندی دەوحە باسی لەوەکرد، پێویستە هەسەدە تێبگات کە فەرماندەیی و کۆنترۆڵ دەبێت لە یەک شوێنەوە بێت ناکرێت دو سوپا لە یەک وڵاتدا هەبن بۆیە دەبێت تەنیا یەک سوپا و یەک پێکهاتەی فەرماندەیی هەبێت".

وتیشی'' ئێمە دەزانین هەسەدە بەشێک بوە لەپەکەکە و چەند پێکهاتە و لایەنێکیش لەناو هەسەدە دژی تورکیا جەنگاون و هەسەدە ئامادە نین بۆ تێکەڵبونەوە لەگەڵ سوپای سوریا.''

سەڕەڕای لێدوانە توندەکانی، وەزیرەکەی تورکیا دەڵێت'' ئێمە دژی ڕێککەوتنی هەسەدە و دیمەشق نین بەڵام دەمانەوێت ئەندامە ناسوریاییەکانی ناو هەسەدە، واتە ئەوانەی خەڵکی عێراق، ئێران و تورکیان، دەستبەجێ ئەو هێزە جێبهێڵن، هەروەها هەموو ئەو یەکانەی دژی بەرژەوەندی و ئاسایشی تورکیا جێگیرکراون، دەبێت هەڵبوەشێنرێنەوە".

ئەمە لە کاتێکدایە، مانگی ئازاری ڕابردوو لە نێوان مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی هەسەدە و ئەحمەد شەرع، سەرۆكی كاتی سوریا ڕێککەوتنێک واژۆكرا بۆ تێکەڵبونی هەسدە بە سوپای سوریا.




PM:11:00:06/12/2025