لیستی مووچەی مانگی ١١ی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان رادەستی وەزارەتی دارایی عێراق کرا، هاوکات هەر ئەمڕۆ دارایی هەرێم سەرجەم خەرجییەکانی راگرت.
رۆژی یەکشەممە یادگار جەبار، سەرپەرشتیاری بایۆمەتریی سلێمانی، بە میدیای پارتی ڕاگەیاند" هەموو وەزارەت و فەرمانگەكان لیستی مووچەی مانگی١١یان تەواو كردووە و پەسەندیش كراوە، بڕیارە لەم یەك دوو رۆژە لە لایەن بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ژمێركاری بنێردرێت بۆ بەغدا بۆ وردبینیكردن و پەسندكردنی لەلایەن دارایی فیدراڵەوە".
ئەوەشی خستەڕوو: " لیستی مووچەی مانگی ١٠ ماوەیەكە لە بەغدادە و هیچ کێشەیەکی نییە و هەموو شتێكی تەواوە".
سەبارەت بە دواكەوتنی ناردنی لیستی مووچەی مانگی ١١، سەرپەرشتیاری بایۆمەتری وتی" بۆیە لیستەكە دواكەوت، هەندێك كەموكوڕی و داواكاری هەبوون، ئەو گۆڕانكارییانە جێبەجێ كران و لیستەكە پەسند كرا و ئەم هەفتەیەش لیستی مووچەی مانگی ١٢ ئامادە دەکرێت".
ئەمە لە کاتێکدایە هەر ئەمڕۆ وەزارەتی دارایی هەرێم لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە کە بەپێی ڕێنمایی ژمارە (١٨)ی ساڵی ٢٠٢٥ کە واژۆی ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی لەسەرە، بڕیاردراوە بە ڕاگرتنی سیستەمی ئەلیکترۆنی بەڕێوەبردنی دارایی کوردستان (KFMS) بۆ داواکاری خەرجی (SIRD) لە ڕێکەوتی (٧ کانوونی یەکەمی ٢٠٢٥)ەوە.
لە ڕێنماییەکەدا هاتووە، سەرجەم خەرجییەکان لەو ڕێکەوتەوە ڕادەگیرێن، جگە لە خەرجییەکانی (مووچە، پێشینەی خەرجکراوی مانگانە، کرێی مانگانە، خاوێنکردنەوە و خواردن). هەروەها جەخت کراوەتەوە، خەرجی پرۆژەکانی وەبەرهێنان و پەرەپێدانی پارێزگاکان بەپێی ڕێنماییە تایبەتەکان بەردەوام دەبن.
وەزارەتی دارایی ئاماژەی بەوەش داوە، داخستنی ژمێرەی کۆتایی (الحسابات الختامیە) بە شێوەیەکی کۆتایی لە ٣١ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٦ دەبێت و پێویستە تا ١٠ی شوباتی ٢٠٢٦ ڕەوانەی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ژمێریاری بکرێت، بە پێچەوانەوە هەر فەرمانگەیەک دوا بکەوێت پارەدارکردنی (تمویل) ڕادەگیرێت.
هەروەها بڕیاردراوە، پێویستە پێشینەی بەردەوامی مانگانە (السلف المستدیمە)ی فەرمانگەکان لە کۆتایی ساڵی ٢٠٢٥دا یەکلایی بکرێنەوە و ژمێرەکەیان بکرێتە سفر.
ئەم بڕیارانە بە مەبەستی پاکتاوکردنی ژمێریاری و ئامادەکارییە بۆ ساڵی نوێی دارایی ٢٠٢٦ و لە ٧ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٥ەوە کاری پێ دەکرێت.