پارێزگای هەولێر ئاماری کوژراو و بریندارەکانی رووداوەکانی گوندی لاجانی ئاشکرا کردو دەڵێت" لە رووداوەکانی گوندی لاجان ٢ کەس گیانیان لەدەستداوەو کە یەکێکیان پاسەوان بووەو ٦ کەسیش برینداربون" هەروەها دەشڵێت" بەرپرسی کۆمیتەی یەکێتی لە خەبات دەستگیرکراوەو دانی بە ئاژاوەگێڕییەکانیدا ناوە".
ئەمڕۆ یەکشەممە ١٠ی کانونی یەکەم ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند" ٧٣ کەسی نیشتەجێی گوندی لاجان لە پاڵاوگەی لاجان کاردەکەن، هەروەها ٦٧ بارهەڵگری گوندەکەش لە پاڵاوگەی لاناز کاردەکەن زیادناکرێت".
راشیگەیاند، "پاڵاوگەی لاناز مانگانە وەک سندوقێکی هاوکاری بڕی ١٠ هەزار و ٤٠٠ دۆلار پێشکەش بە خەڵکی گوندەکە دەکات و چوار مانگ جارێک لەلایەن ئەنجومەنێکەوە پارەکە بەسەر خەڵکی گوندەکەدا دابەشکراوە".
پارێزگاری هەولێر وتیشی" بەڵێن بە خەڵک نەدراوە لە پاڵاوگەی لاناز دابمەزرێندرێن".
لە بارەی هەڵوێستی یەکێتی و گرتنی بەرپرسی کۆمیتەکەیان لە خەبات، خۆشناو وتی "پێویستە یەکێتی هەڵوێستی خۆی رونبکاتەوە، کە ئەوە گوزارشتە لە رای یەکێتی یان نا. - ئەگەرنا پێویستە یەکێتی سوپاسی هێزە ئەمنییەکان بکات ئاژاوەگێڕو دەرچو لە یاسای دەستگیرکردووە."
ئومێد خۆشناو خۆپیشاندانی خەڵکی گوندی لاجان و قەزای خەباتی بە گێرەشێوێن ناوزەد کرد.
لە بارەی چاودێریکردنی رووداوەکەوە وتی " دەرگا لە بەردەم رێکخراو و نێردە و لایەنەکان کراوەیە بۆ لێکۆڵینەوە لە رووداوەکەی گوندی لاجان".
رۆژی دوو شەممەی رابردوو ٢٦ ی تشرینی دووەم لە خۆپیشاندانی گوندی لاجان پێکدادان لە نێوان هاوڵاتیان و هێزە ئەمنییەکان روویدا و لە ئەنجامدا ٢ کەس کوژران و ٦ ی دی برینداربوون، هەروەها ژمارەیەک رۆژنامەنووسیش رووبەڕووی توندووتیژی بوونەوە، هێزێکی زۆر لەو گوندەو قەزای خەبات بڵاوەیان پێکراو ژمارەیەکی تا ئێستا نەزانراو لە هاوڵاتی دەڤەرەکە دەستگیرکراون.