فەرماندەی هێزەکانی سوریای دیموکرات، مەزڵوم عەبدی لە چاوپێکەوتنێک لەگەڵ میدیایەکی ئیسرائیلی ئاشکرای دەکات ١٠٠ هەزار هێزی پشتیوانیمان هەیە، ٧٠ هەزار كەسیان شەڕڤانن و ٣٠ هەزاری تریان پۆلیس و ئاسایشن و بەرپرسن لە پاراستنی ناوچەكانیان.
لە چاوپێكەوتنێكدا کە بۆیەکەمجارە لەگەڵ رۆژنامەی (ئۆرشەلیم پۆست)ی ئیسرائیلی ئەنجامی دەدات، مەزڵوم عەبدی دەڵێت " رێككەوتنێكی بەرایمان هەیە بۆ تێكەڵكردنی پەیكەرە سەربازی و مەدەنییەكان لە دەوڵەتی نوێی سوریادا كە بە رێككەوتنی ١٠ی ئازار ناسراوە. چاومان بە تۆم باراك نوێنەری تایبەتی ئەمریكا بۆ سوریاو سوپای ئەمریكا كەوت، گفتوگۆمان كرد لەبارەی تێكەڵبوونمان لەگەڵ وەزارەتی بەرگریی سوریا و سوپای نیشتمانی و وەزارەتی ناوخۆی سوریا. رێككەوتووین لەسەر هێشتنەوەی سێ فیرقەی هێزەكانی سوریای دیموكرات و دوو كەتیبەی تایبەت، یەكێكیان بۆ پاراستنی ئاسایشی سنورو ئەوی تریان كەتیبەیەكی ژنانەو، هەموومان بەشێك دەبین لە وەزارەتی بەرگریی".
لە درێژەی چاوپێکەوتنەکەدا، فەرماندەی گشتی هەسەدە دەشڵێت" سەقامگیری لە ناوخۆی دیمەشق پێویستی بە ئەمریکا هەیە بۆ ئەوەی لێرە لە باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا بمێنێتەوە. پێویستمان بە گفتوگۆیەکی فراوانترە لەسەر سزاکانی قەیسەر. پشتگیرییەکە پێویستە مەرجدار بێت. پشتیوانی ئەمریکا نابێت بێ مەرج بێت. لە ئێستادا هیچ مەرجێک بۆ (سەرۆکی کاتی سوریا) ئەحمەد شەرع نییە."
لەبارەی ناسینی شەرع لەلایەن، مەزڵوم عەبدییەوە، ئاماژە بەوە دەکایت لەو كاتەوە كە فەرماندەی دەستەی تەحریر شامە ئەحمەد شەرع دەناسین، ئەزموونی پێشوومان پێکەوە هەیە، زۆر باش سروشتی هێزەکانی دەزانین. ئێستا ئەحمەد شەرع كار بۆ قایلكردنی خۆرئاوا دەكات بۆ ئەوەی دەرفەتێكی نوێ بە سوریا بدەن، بەڵام هێشتا مەترسی راستەقینە هەیە، لە لازقیە ٢ هەزار عەلەوی كوژران، لە سوەیدا هەزار دروز كوژراون. ڤیدیۆكان بڵاودەكرانەوە، ئەوە پەیام بوو كە دواتر نۆرەی كوردە". "هێزەكانی سوریای دیموكرات هاوپەیمانی كوردو عەرەب و عەلمانی و مەسیحی و نەتەوە جیاوازەكانەوەو كێشەی ناوخۆیی و ململانێی و تائیفەگەریمان كەمترە، چونكە ئێمە فرەچەشنین. ئاڵنگاری گەورە هەیە لە تێكەڵكردنی هێزەكان، چۆن دەكرێت كەتیبەیەكی ژنان تێكەڵ بكەن لەكاتێكدا ئەوان (مەبەستی حكومەتی سوریایە) كەتیبەی ژنانیان نییە"" (مەزڵوم وا دەڵێت ).
ئەم چاوپێکەوتنە یەکەم دیدار مەزڵوم عەبدی لەگەڵ میدیایەکی ئیسرائیلیدا ئەنجامی بدات، ئەوە لە کاتێکدایە کە حکومەتی تورکیا بە هەموو شێووەیەک دژی پەیوەندی کوردو ئیسرائیلە و مەترسی پشتگیری ئەو وڵاتە دەکات لە کورد هەروەها لە دروزەکانی کرد.