بەرگری شارستانی هەرێم بۆ پێنج ڕۆژ هێزەکانی دەخاتە ئامادەباشیەوە



وتەبێژی بەڕێوبەرایەتی بەرگری شارستانی هەرێـمی کوردستان دەڵیت "تەواوی هێزەکانمان لە ئەمڕۆوە خراونەتە ئامادەییەوە بۆ ماوەی پێنج ڕۆژ".

یەک شەممە، ٧ کانوونی یەکەم ٢٠٢٥، موقەدەم سەرکەوت کاڕەش، وتەبێژی بەڕێوبەرایەتی گشتی بەرگری شارستانی هەرێمی کوردستان، بە میدیاکانی ڕاگەیاند "هەموو ئەو ئۆتۆمبێل و کەرەستانەی بۆ رووداوی نەخوازراو و لافاو پێویستن بۆ هاوکاریی خەڵک، لەلایەن بەڕێوەبەرایەتییەکانمانەوە ئامادە کراون بۆ بەکارهێنان لەکاتی پێویستیدا".
 
وتەبێژی بەرگری شارستانی هەرێم ووتی "بەڕێوەبەرایەتییەکانمان لە سەنتەری پارێزگاکان و ئیدارە سەربەخۆکان ئاگادار کراونەتەوە کە تیمەکانیان لە ئامادەییدابن بۆ هەر ڕووداوێکی نەخوازراو."

بڕیاری ئامادەباشی بەرگری شارستانی هەرێمی کوردستان، لەسەر داوای بەڕێوبەرایەتی کەشناسی هەرێم بوە. 

وتەبێژی بەرگری شارستانی داوا لە هەوڵاتیان دەکات لە کاتی هەر ڕوداوێكی نەخوازراودا کە پێویستیان بە هاوکاری بوو پەیوەندی بکەن بە هێڵی ١١٥. 
 
بە پێی پێشبینیەکانی کەشناسی لە ئەم شەوەوە باران بارین لە هەرێمی کوردستان دەست پێدەکات و بۆ ماوەی چەند ڕۆژێک بەردەوام دەبێت. 




PM:06:10:07/12/2025