سەڵاحەدین دەمیرتاش: ئاشتی بۆ ئێمە و گەلانی جیهان هەڵبژاردە نییە، بەڵکو پێویستییە


هاوسەرۆکی پێشووتری هەدەپە لە پەیامێکدا بۆ کۆنفڕانسی نێونەتەوەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک دەڵێت " ئەو وێرانکارییەی شەڕ، نایەکسانی، دەسەڵاتخوازی و سیاسەتی نکۆڵیکردن دروستیان کردووە، نەک تەنیا جوگرافیاکەمان، بەڵکو ویژدانی ئێمەشی بریندار کردووە".

یەک شەممە، ٧ کانوونی یەکەم ٢٠٢٥، سەڵاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی پێشووتری پارتی دیموکراسی گەلان (هەدەپە)، لە پەیامێکی نێردراودا بۆ یەکەمین کۆنفڕانسی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک ڕایگەیاند "هەر هەنگاوێک لەم کۆنفرانسەدا دەنرێت، هەر رستەیەک دەگوترێت و هەر بڕیارێک دەدرێت؛ نەک تەنیا کاریگەریی لەسەر ئەمڕۆمان، بەڵکو لەسەر چارەنووسی نەوەکانی داهاتووشمان دەبێت. ئاشتی تەنیا بە دانانی چەک و بێدەنگبوونیان بەدی نایەت. وەک هەمووتان دەزانن، ئاشتییەکی راستەقینە بە دادپەروەری، یەکسانی، ئازادی و ژیانێکی شکۆمەندانە دەبێت".

لەسەر گرنگی ڕۆڵی عەبدوڵا ئۆجەلان لە پرۆسەی ئاشتیدا دەمیرتاش ئاماژە بەوە دەکات "لەم ڕوەوە، هەڵوێستی بوێرانە و بەپەرۆشی بەڕێز ئۆجەلان زۆر بەنرخ و مانادارە. خۆزگە دەکرا ئەم هەموو پێشوەخت حوکمدانە وەلا بنرێت و دەرفەتێک بڕەخسێنرێت کە بەڕێز ئۆجەلان بتوانێت ڕاستەوخۆ لەگەڵ کۆمەڵگە قسە بکات،  ئەو کاتە دڵنیام وەڵامی بۆ هەموو ئەو کەسانەی لە تورکیا نیگەران و تووڕەن دەدۆزرایەوە و رێگەش لە گومان و لێکدانەوەی ناپێویست دەگیرا".
 
لە کۆتایی پەیامەکەیدا دەمیرتاش دەڵێت "ئاشتی بۆ هەموومان مسۆگەرە، دیموکراسی مسۆگەرە. ژیانێکی هاوبەش، یەکسان و ئازاد مسۆگەرە. لەبیرتان نەچێت کە ئەمە پرۆسەی پارچەبوون و دابەشبوون نییە، بەڵکو پرۆسەیەکی مێژووییە کە یەکبوون و یەکێتیی شکۆمەندانەی ئەو گەلانە مسۆگەر دەکات کە پێشتر پارچە پارچە کراون. با هەرگیز واز لە باوەڕبوون بەمە نەهێنین، با بۆ ئەمە تێبکۆشین."

ئەمڕۆ ڕۆژی دووەمی یەکەم کۆنفڕانسی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک بوو کە لە ئیستەنبوڵ بەڕێوەچوو، لە ڕۆژی یەکەمدا پەیامی هەر یەک لە عەبدوڵا ئۆجەلان، ڕێبەری پارتی کرێکارانی کوردستان، مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان خوێندارانەوە، هەروەها ئیلهام ئەحمەد، هاوسەرۆکی پەیوەندیەکانی دەرەوەی بەڕێوبەری باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بە شێوەی ڕاستەوخۆ و لە ڕێگای زوومەوە وتارێكی پێشکەشکرد. هەر لە کۆنفڕانسەکەدا چەندین پانێل بەڕێوەچوون. 




PM:06:58:07/12/2025