دەقی ڕاگەیاندراوی ماڵپەڕی سپی:
لە بارەی ئەو ڕوداوەی شەوی ٨ ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٥ ی ناوچەی گەرمیان روویدا، ماڵپەری سپی میدیا بە پێویستی دەزانێت ڕونیبکاتەوە کە ئەم جۆرە لە هەواڵ بڵاو ناکاتەوە، کە کێشەیەکی کۆمەڵایەتییە و پەیوەندی بە خێزانێکەوە هەیە، کە لە ئێستادا بوەتە بابەتێکی گەرم لە ناو میدیاکانەوە بە تایبەت ئەو میدیایانەی بانگەشەی پرۆفیشناڵ بوون دەکەن، ئەم بابەتە بە شێوازێک گەورە کراوە کە لە هەر گەشتێکی هەواڵیاندا ئاماژەی پێدەکەن و باسی زانیاری نوێ دەکەن و پزیشکی چارەسەرکار دەدوێنن، لە کاتێکدا کە ئەمە بابەتێکی تایبەتمەندی ژیانی خێزانێکە و کەسی "بریندار" منداڵ و کەسوکاری هەیە و بڵاوکردنەوەی جۆرە ڕووداوێکی لەو شێوەیە کاریگەری خراپی کۆمەڵایەتی و دەرونی لەسەر خودی نەخۆشەکەو ئەندامانی خێزانەکەی جێدەهێڵێت.
لێرەدا ئێمە دەپرسین، ڕوماڵکردنی ڕوداوی لەم جۆرە تا چەند لەگەڵ ئیتیکی کاری میدیای دەگونجێت؟ ئایا ئەمە ناچێتە خانەی تایبتمەندێتێ ژیانی تاکەوە؟
جێگای خۆیەتی ئاماژە بەو لێدوانانەش بکرێت کە پزیشکەکان لەسەر ئەم رووداوە دەیدەن، ئایا پاراستنی تایبەتمەندێتی ژیانی نەخۆش و جۆری نەخۆشیەکەی بەشێک نییە لە ئەرک و ئەخلاقیاتی پیشەیی پزیشک.
لەم ڕوانگەیەوە بە پێویستی دەزانین وەک ماڵپەری (سپی میدیا) ڕایبگەیەنین، کە ئەم جۆرە لە هەواڵ و بڵاوکردنەوەی چەندە کاریگەری نەرێنی بەدوای خۆیدا دەهێنێت، هاوکات پێچەوانەی ئێتیکی ڕۆژنامەوانیشە، بۆیە ئەم ڕوداوە و هاوشێوەکانی ڕوماڵ ناکەین و بڵاوی ناکەینەوە.
ماڵپەری سپی میدیا