بەڕێوەبەرایەتی گشتی کەشناسی کەشی پێشبینیکراوی ٤٨ کاتژمێری داهاتوو بڵاودەکاتەوە.
کەشناسی ڕایگەیاند'' ئەمڕۆ سێ شەممە ٩ی ١٢، ئاسمان هەور دەبێت و کاریگەری شەپۆلی بارانبارین بەردەوام دەبێت لەسەرجەم ناوچەکەمان.
ئاماژە بەوەشکراوە، لەسنووری پارێزگای هەولێر و دهۆک بارانی مامناوەند دەبێت و دابارین بەشێوەی لێزمە بارانی پچڕ پچڕ و هەندێ کات نمە بارانی پچڕ پچڕ دەبێت، لەکاتی لێزمە باران ئەگەری هەورە تریشقە هەیە.
هەروەها لەسنووری پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە وئیدارەی گەرمیان و ئیدارەی ڕاپەڕین بارانی بە لێزمە و بەخوڕ دەبارێت لە زۆربەی کاتەکان، لەگەڵ هەورەتریشقە و زیادبوونی خێرای با، هەندێ کات بە هۆی بارانی بە لێزمە پێشبینی بەرزبوونەوەی ئاستی ئاو دەکرێت، کاریگەری ئەم شەپۆلە بەدرێژایی ڕۆژی سێ شەممە لەسەر ناوچەکە دەمێنێتەوە.
پلەکانی گەرما، کەمێک نزم دەبێتەوە بە ١ بۆ ٢ پلە بەراورد بە تۆمارکراوەکانی دوێنێ.
سەبارەت بە کشوهەوای سبەی چوار شەممە، ١٠ی ١٢، کەشناسی دەڵێت'' لە ئەنجامی بەردەوامی کاریگەری شەپۆلی بارانبارین ئاسمان هەوری تەواو دەبێت و هەندێ کات نیمچە هەور دەبێت، لە سنووری پارێزگای هەولێر و دهۆک هەندێ کات نمە بارانی پچڕ پچڕ دەبارێت.''
هاوکات، لە ناوچە شاخاوییەکان بارانی مامناوەند دەبارێت، لە سەر ناوچە شاخاوییە سنوورییەکان ئەگەری بەفر بارین هەیە وە لە کاتەکانی بەرە بەیان لە سنووری پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەی گەرمیان و ڕاپەڕین هەندێ کات لێزمە باران دەبێت، تا کاتەکانی نیوەڕۆ.
ئاماژە بەوەشکراوە، کاریگەری ئەم شەپۆلە لە سەر ئەم ناوچانە دەمێنێتەوە، پاشان کاریگەری شەپۆلی بارانبارین لە کاتەکانی دوای نیوەڕۆ لەسەرجەم ناوچەکەمان لاواز دەبێت .
بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بە پلەی سیلیزی:
هەولێر : ١٤ پلەی سیلیزی
سلێمانی : ١٣ پلەی سیلیزی
دهۆک : ١٤ پلەی سیلیزی
زاخۆ : ١٤ پلەی سیلیزی
کەرکوک : ١٤ پلەی سیلیزی
هەڵەبجە : ١٣ پلەی سیلیزی
سۆران: ١٣پلەی سیلیزی
ئاکرێ : ١٥ پلەی سیلیزی
ئامێدی: ١٠ پلەی سیلیزی
گەرمیان : ١٥ پلەی سیلیزی