بەڕێوبەرایەتی هاتووچۆی سلێمانی ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردوەتەوە و ئاگاداری شۆفێران دەکاتەوە لەم دۆخەی کەش و هەوادا کە ئاستەنگی هاتوچۆ دروست بوە، ڕێگای سلێمانی بازیان بەکار نەهێنن، و بۆ هەر ڕەوشێک پەیوەندی بکەن بە هێڵی گەرمی ١٨٨ و داوای یارمەتی بکەن.
سێ شەممە، ٩ کانوونی یەکەم ٢٠٢٥، بەڕێوبەرایەتی هاتوچۆی سنوری پارێزگای سلێمانی ڕاگەیاندراوێكی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند " ئاگاداری شۆفێرانی بەرێز دەکەین بەھۆی باران بارینی زۆر و بەلێزمە ئاستەنگێکی زۆر درووست بووە لە شاڕێی سەرەکی بازیان بە ئاراستەی سلێمانی و بەپێچەوانەوە، بەمەبەستی پاراستنی سەلامەتی شۆفێران و ئۆتومبیلەکانیان داواکارین تا ئاسایبونەوەی دۆخی کەش و ھەوا ئەو شەقام و شارێیە بەکار نەھێنن".
"لەسەر فەرمانی بەرێز پارێزگاری سلێمانی بەشێوەیەکی کاتی بازگەی تاسڵوجە بەڕوی شۆفێراندا داخرا، و دۆخەکە لەژێر چاودێریدایە و بەئاسایی بونەوەی دۆخی کەش وھەوا ڕەوشی ھاتوچۆ ئاسایی دەکرێتەوەو لەرێی راگەیاندنی بەرێوەبەرایەتی ھاتوچۆی سلێمانی ئاگاداری بڵاو دەکرێتەوە"، هاتوچۆی سلێمانی وا دەڵیت.
ماوەی سێ ڕۆژە باران بارین لە هەرێـمی کوردستان دەستی پێکردوە، بە پێی پێشبینیەکان تا سبەینێ بارانی بە لێزمە بەردەوام دەبێت.