" سپی " هۆکاری درووستبوونی لافاوەکەی چەمچەماڵ ئاشکرا دەکات


ئەمڕۆ بەهۆی بارانی زۆری ناوچەکانی سلێمانی و بەتایبەتی چەمچەماڵ دوو کەس گیانیان لە دەستدا و چەند بەرکەوتەیەکی تری لافاوەکە لە نەخۆشخانەی شەهید پێشڕەون و کە دوانیان دۆخیان خراپە، ماڵپەڕی " سپی " هۆکاری دروستبوونی لافاوەکە بڵاودەکاتەوە، کە تەنها هۆکاری بارانبارینی زۆر نەبووە.

بەپێی ئەو زانیاریانەی دەست ماڵپەڕی " سپی " کەوتووەو لەلایەن دوو سەرچاوەوە پشتڕاستکراوەتەوە، یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی ئەم کارەساتە، جگە لە بارانبارینێکی زۆر، بەھۆی شکانی بەربەستی ئاوی گوندی " موەفەری " لە بناری بانی مەقان بووە کە بۆتە هۆی دروستبوونی لافاوەکە.

بەربەستی " موەفەری " بەربەستێکی خۆڵ و کۆنکرێتیە کاتی خۆی کە دروستکراوە بۆ ئەوەی کە لافاو دروستبوو نەچێتە شاری چەمچەماڵ، بەڵام بەهۆی دروستکردنی خانوو و باخەوە کە هەندێکیشیان بەبێ مۆڵەت لە نزیک ئەو بەربەستە و بەهێزی لافاوەکەکەوە بەربەستەکە شکاوەو لە ماوەیەکی زۆر کەمدا لافاوێکی زۆر لە گەڕەکەکانی سەرشەقام و بێکەس و حەمامە کۆنەکە دروستبووە.

بەپێی زانیارییە سەرەتایەکانی بەسەدان ماڵ ئاو چۆتە ماڵەکانیان و زەرەریان پێگەیووە، ئەمە جگە لە بازاڕی کۆنی شاری چەمچەماڵ و بازاڕی بێستون و گۆکایەکی دەرمان و دوو گەراجی ئۆتۆمبیل بەتەواوی پڕ لە ئاو بوون. هەروەها فەرمانگەی بەڕێوەبەرایەتی رۆشنبیری بەتەواوی کەوتوەتە ژێر ئاوی لافاوەکەوە و زیان بە بینای ئاسایش و چەندان دەزگا کەوتووە.

بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەم کارەساتە جگە لە تیمەکانی بەرگری شارستانی و خەڵک بەگشتی و ھێزە سەربەرزی و ئەمنییەکان بە شێوازی جیاجیا لە ھەوڵی رزگارکردنی گیانی خەڵکەکەدا بوون.

تا ئێستا ژمارەی تەواوی قوربناییەکان دیارنییە، ئەمە لە کاتێکدا قائیمقامی شارەکە داوا لە سلێمانی دەکات کۆپتەر بنێرێت و بۆ هەندێک هاوڵاتی کە لەلایەن لافاوەوە گەمارۆدراون.




PM:04:31:09/12/2025