بەڕێوبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی دەڵێت "دەسەڵات دراوەتە پەروەردەی دەرەوەی شار بۆ ئەوەی پشوو ڕابگەیەنن و لە ناو شاریش جارێ دیار نییە".
سێ شەممە، ٩ کانوونی یەکەم ٢٠٢٥، نەژاد عەبدوڵا، بەڕێوبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی لە لێدوانێکیدا بۆ میدیاکان لە بارەی پشووی سبەینێ لە ناوەندەکانی خوێندن ڕایگەیاند "بۆ ڕاگەیاندنی پشوو لە سبەیدا، چوارشەممە، دەسەڵات دراوەتە پەروەردەی قەزاکان بە هەماهەنگی لەگەڵ قایمقامی شارۆچکەکانیان پشوو ڕابگەیەنن، بەڵام بۆ سەنتەری شاری سلێمانی تاوەکو ئێستا هیچ بڕیارێک نەدراوە و هەر بڕیارێک بدرێت لەگەڵ پارێزگار هەماهەنگی دەکەین".
ئەمە لە کاتێکدایە بە هۆی ئەو شەپۆلە بارانبارینەی ماوەی سێ ڕۆژە هەرێمی کوردستان و ناوچەکەی گرتوەتەوە دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ لە بەشێک لە ناوچەکان لافاو دروستبوو، لە چەمچەماڵ دوو هاوڵاتی گیانیان لە دەستداوە و چوار هاوڵاتی دیکەش بریندان.