"كچانی 12 ساڵی ئێزیدی توشی دەستدرێژی سێكسی بوونەتەوە"

رێكخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی لە نوێترین راپۆرتی خۆیدا رایدەگەیەنێت كە كچان‌و ژنانی كوردی ئێزیدی لەلایەن چەكدارانی داعشەوە توشی چەندین ئەشكەنجە‌و دەستدرێژی سێكسی بوونەتەوە.

ئەم رێكخراوە نێودەوڵەتییە لە راپۆرتەكەی خۆیدا كە ئەمرۆ سێشەممە بڵاویكردوەتەوە‌و لەسەر چاوپێكەوتن لەگەڵ 40 رفێنراوی ئێزیدی ئامادەكراوە، دەڵێت هاوینی رابردوو ژنانی ئێزیدی لەعێراق لەلایەن چەكدارانی داعشەوە توشی دەستدرێژی سێكسی، ئەشكەنجە‌و هاوسەرگیریی زۆرەملێ بوونەتەوە.

لێبوردنی نێودەوڵەتی كە بنكەی سەرەكی لە لەندەنی پایتەختی بەریتانیایە دەڵێت: چەكدارانی داعش نزیكەی سێ مانگ لەوەپێش شاری شەنگالیان داگیركرد‌و بەهەزاران كوردی ئێزیدی ئەو شارەیان رفاند‌و بەدیل گرت.

بەپێی راپۆرتەكە لەنێو ئەو رفێنراوانەدا كچانی تەمەن 10 تا 12 ساڵ لەلایەن چەكدارانی داعش توشی ئەشكەنجە، دەستدرێژی سێكسی‌و هاوسەرگیری زۆرەملێ بوونەوە‌و سەرەڕای فرۆشتنیان وەك خەڵات پێشكەش بە ئەندامانی داعش یان هاوپەیمانانی داعش لە عێراق‌و سوریا كراون.

بەپێی ئەم راپۆرتە، ژمارەیەك لە كچان‌و ژنانی ئێزیدی لەترسی دەستدرێژی خۆیان كوشتووە یان زۆرێكیان بوون بە موسڵمان.




PM:02:25:23/12/2014