حکومەتی هەرێم پەیامێکی بەپەلە بۆ گشت ڕێکخراوەکان دەنێرێت

فەرمانگەی ڕێکخراوەکانی ناحکومی حکومەتی هەرێم پەیامێکی بەپەلە بۆ گشت ڕێکخراوەکان نارد لێرەوە جارێکی تر داواتان لێدەکەینەوە گشت هەوڵەکانتان بخەنە گەڕ بۆ هەماهەنگی زیاتر و هاریکاری پێویست بۆ کەمکردنەوەی زیانەکان.

فەرمانگەی ڕێکخراوەکانی ناحکومی حکومەتی هەرێم پەیامێکی بەپەلە بۆ گشت ڕێکخراوەکان نارد و دەڵێت" هەروەک هەموو لایەکتان ئاگادارن رەوشی کەش و هەوا و باران بارین بۆتە هۆی لافاو و زیانی گەورەی گیانی و ماددی لە هەرێمەکەمان".

ئاشکرای دەکات" لێرەوە جارێکی تر داواتان لێدەکەینەوە گشت هەوڵەکانتان بخەنە گەڕ بۆ هەماهەنگی زیاتر و هاریکاری پێویست بۆ کەمکردنەوەی زیانەکان ،دەتوانن هاوکاری و هەماهەنگیەکانتان راستەوخۆ ئەنجام بدەن لەڕێگەی وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان و پارێزگاکان و ئیدارە سەربەخۆکان و ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگی قەیرانەکان".

ئاماژە بەوەشکرد خۆشمان لەسەر هێڵین لەگەڵ لایەنی پەیوەندیدار بۆ ئەم مەبەستە.

راشیگەیاند" فەرمانگە ئەم هەوڵ و خزمەتەتان بەرز دەنرخێنێت و لێرەوە پێزانینی تەواومان هەیە بۆ سەرجەم ئەو رێکخراوانەی تا ئێستاش لە ئەرکدان و بۆنەتە فریادرەسێک بۆ خزمەتی هاوڵاتیان و پاراستنی گیانیان".

ئەمە لە کاتێکدایە کە بەهۆی شەپۆلە بارانبارینە چەمچاڵ لەسەرجەم دامودەزگاکان و پەروردەی هەڵەبجە و شارەزوور و سلێمانی پشویان راگەیاند.

ماوەی دوو رۆژە شەپۆلێکی بەهێزی بارانبارین رووی لە هەرێم  کردووە وبڕیارە تا سبەی ئێوارە بەردەوامی هەبێت و هۆشداری لافاو دەدرێت.




PM:09:30:09/12/2025