مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە ڕاگەیێندراوێکدا سەرەخۆشی لە کەسوکاری ئەو هاونیشتمانییانە دەکات کە بەهۆی لافاوەکەی ئەمڕۆوە لە چەمچەماڵ و لەیلان گیانیان لەدەستدا.
ئەمشەو ٩ی کانوونی یەکەم مەکتەبی سیاسیی یەکێتی لەبارەی زیانەکانی لافاو ڕاگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند " بەهۆی ئەو شەپۆلی بارانبارین و لافاوەی شارەکانی کوردستانی گرتۆتەوە زیانێکی زۆر بەر ماڵ و حاڵی هاونیشتمانی و چەندین شوێنی گشتی کەوتووە، بەتایبەتی لە شاری چەمچەماڵ و سنووری لەیلان لە کەرکوک کە بووە هۆی گیان لەدەستدانی هاونیشتمانییان".
دەقی راگەیەندراوێک لە مەکتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان"
بەداخەوە کە ئەمرۆ لەم شەپۆلی بارانبارین و لافاوەی شارەکانی کوردستانی گرتۆتەوە زیانێکی زۆر بەر ماڵ و حاڵی هاوڵاتیان و چەندین شوێنی گشتی کەوتووە ، بەتایبەتی لە شاری چەمچەماڵ لە هەرێم و سنوری لەیلان لە کەرکوک گەیشتە گیان لە دەستدان و خنکان.
وێڕای ئاڕاستەکردنی ماتەم و پەژارەی خۆمان بۆ کەسوکاری کۆستکەوتوان ، دەستخۆشی لە تیمەکانی فریاگوزاری و دەزگا پەیوەندیدارەکان دەکەین کە هیممەت بۆ چارەسەری لێکەوتەکانی لافاوەکە دەکەن، بە پەرۆشەوە داواکارین هەماهەنگی و تەگبیری هاوبەشی حکومەتی هەرێم ، پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان و دەزگا ڕەسمییەکانی حکومەتی فیدڕاڵی لە دابیکردنی ئامێر و کەرەستەکانی پێویستن بگاتە حاڵەتی ئامادەباشی تەواو و بە زوویی کۆنترۆڵی زیانەکان بکرێن. بەتایبەتی کە ئەم شەپۆلە ماوەیەک بەردەوام دەبێت و پێویستی بە کۆششی دەستەجەمعی و فریاگوزاری دەستبەجێ هەیە.
نزا دەکەین هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان و پارێزگای کەرکوک و تێکرای وڵاتەکەمان پارێزراو و سەلامەت بن
۲۰۲٥/۱۲/۹