ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگی قەیرانەكانی سەر بە وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دوایین ئاماری زیانەکانی شەپۆلی باران و لافاوەکەی شار وشارۆچکەکانی هەرێمی کوردستانی بڵاوکردەوە.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە'' شەپۆلێکی بەهێزی بارانبارین و بەفر لە ماوەی ٤٨ کاتژمێری ڕابردوودا شارەکانی هەرێمی کوردستان بە کەرکووکیشەوە گرتەوە، لافاو لە سنووری سلێمانی و گەرمیان و کەرکوک زیانی گیانی و ماددی زۆری لێکەوتووەتەوە و سێ کەس گیانیان لەدەستداوە.''
هەر یەک لە سلێمانی و چەمچەماڵ زۆرترین زیانیان بەرکەوتەوە لە پارێزگای سلێمانی، دوای ئەوەی ڕۆژی سێشەممە، بارانێکی بەلێزمە باری و بڕەکەی گەیشتە ١٢٢.٧ ملم، لافاو دروست بوو. قەزای چەمچەماڵ و ناحیەی تەکیە زۆرترین بڕی بارانیان لێ باریوە کە لە تەکیە گەیشتە١٧٣.٥ ملم، ئەمەش بووە کارەساتی نایەوە.
بەپێی ئامارەکان، لە سنووری سلێمانی و چەمچەماڵ دوو کەس گیانیان لەدەستداوە، ١٢ کەسیش برینداربوون و کەسێکیش بێسەروشوێنە.
هاوکات، زیانە ماددییەکانیش بریتین لە، زیانگەیشتن بە ٥٠٠ ماڵ، ژێرئاوکەوتنی زیاتر لە ١٠٠ دوکان و کۆگا، و ڕاماڵینی دەیان ئۆتۆمبێل.
لە پارێزگای کەرکوک، کە بڕی ٣٠.٤ ملم بارانی لێ باریوە، منداڵێکی تەمەن ٧ ساڵ لە گوندی فرقانی ناحیەی لەیلان گیانی لەدەستدا. زیانێکی گەورەی دیکە بریتی بووە لە داڕمانی پردێکی ستراتیژی لە قەزای داقوق، کە بووە هۆی پچڕانی ڕێگەی سەرەکیی نێوان کەرکووک و بەغدا.
ئیدارەی گەرمیان یەکێک بوو لەو ناوچانەی ڕووبەڕووی دۆخێکی سەخت بووەوە، لافاوەکە بووە هۆی پچڕانی ڕێگەی نێوان کەلار-ڕزگاری و داڕمانی پردی نێوان کفری-ڕزگاری لە ناحیەی سەرقەڵا.
هەروەها، لە پارێزگای هەولێر، دۆخەکە تا ڕادەیەک جێگیر بوو، بەڵام لە گوندی قەریەتاغ شەش ماڵ ئاویان تێچوو، لە ڕووداوێکی دیکەدا لە سنووری بالیسان، شەش پێشمەرگە بەهۆی هەورەبروسکەوە بریندار بوون.
لە ئیدارەی سۆران و ناوچە شاخاوییەکان بەفرێکی زۆر باریوە، لە دەروازەکانی زێت و حاجی ئۆمەران ئاستەنگی هاتووچۆ دروست بوو.