کەمێک پێش ئێستا تەرمی ئەو منداڵەی ئەمڕۆ لە کەلار لافاو بردی و گیانی لە دەستدا دۆزرایەوە و ڕاوانەی پزیشكی داد کراوە.
چوارشەممە، ١٠ کانوونی یەکەم ٢٠٢٥، ئەیوب عومەری تەمەن ١٢ ساڵ دوای ئەوەی لەسەر پردی گازینۆ لە کەلار خلیسکایە ناو ئاوی لافاو خنکا، دوای چەند کاتژمێرێک لە گەڕان بە دوایدا، تواندرا ئەم شەو تەرمەکەی لە نزیک قەڵای شێروانە بدۆزنەوە.
ئەیوب عومەر لە دایکبووی ساڵی ٢٠١٣یە و تاقانەیە، ئێوارەی ئەمڕۆ بە بایسکیەلەکەیەوە لە ماڵ چوەتە دەرەوە بۆ یاریکردن و نەگەڕایەوە.
لە ڕۆژی ٧ ئەم مانگەوە شەپۆلێکی باران بارین کوردستان و ناوچەکەی گرتوەتەوە و بە پێی ئامارە فەرمیەکان پێنج کەس تا ئێستا بە هۆی لافاوەوە لە باشوری کوردستان گیانیان لە دەستداوە و نزیکەی ٢٠ کەسی دیکەش بریندار بوون.