فەرماندەیەکی سێنتکۆم: تێکەڵبوونی هەسەدە لەگەڵ سوپای سووریا کلیلی سەقامگیرییە

 فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا ( سێنتکۆم)  ڕایگەیاند" چاوەڕوان دەکرێت، هێزەکانی سووریای دیموکرات تێکەڵ بە هێزەکانی حکوومەتی سووریا بن و ئەوە مەرجە بۆ دەستبەسەرکردنی کەشێکی سەقامگیر و ئارام.

راد کۆپەر فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا " سێنتکۆم" لە میانی بەشداریکردنی لە کۆنفرانسی سووریا کە لە لایەن پەیمانگەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە واشنتۆن سازدرابوو، قسەی کرد و ئاماژەی بە ڕێککەوتننامەی ١٠ی ئازار کرد و جەختی لەوە کردەوە کە ئامادەن پشتیوانی بکەن لە دانوستانەکانی دیمەشق.

کۆپەر وتیشی" تێکەڵبوونی سەرکەوتووانەی هێزەکانی هەسەدە بە حکوومەتی سووریا، چاوەڕوان دەکرێت ڕێگەخۆشکەر بێت بۆ کەشێکی سەقامگیر و ئارام".

فەرماندەکەی سێنتکۆم جەختیشیکردەوە کە پاراستنی سەقامگیری و ئاشتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە بەرژەوەندی سووریا و ئەمریکادایە.

کۆپەڕ ڕاشیگەیاند" بۆ سێنتکۆم سێ بنەمای کارکردن هەیە، ئەوانەش، ڕیشەکێشکردنی داعش لە سووریا، پشتیوانیکردنی لە تێکەڵبوونی هێزەکانی هەسەدە لەگەڵ دیمەشق و بەهێزکردنی ئۆپەراسیۆنەکان دژ بە تیرۆر و هەروەها هەماهەنگی لەگەڵ دیمەشق لەم بارەیەوە".



PM:01:49:11/12/2025