وتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو دەڵێت " هیچ شوێنێکی هەرێمی کوردستان نەماوە کە پەڵەی نەدابێت، بەهۆی دوایین شەپۆلی بارانبارینەوە لە هەموو ناوچەکان پەڵەی داوە".
پێنج شەممە، ١١ کانوونی یەکەم ٢٠٢٥، هیوا عەلی، وتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە میدیاکانی ڕاگەیاند "جگە لە بابەتی کشتوکاڵ، ئەم بارانە هەموو بەنداو و سەرچاوە ئاوییەکانی بوژاندووەتەوە، هەروەها مەترسیی دواکەوتنی چاندن لە هیچ شوێنێک نەماوە و بەراورد بە ساڵی ڕابردوو، بارودۆخی دانەوێڵە و بەرهەمە کشتوکاڵییەکان باشتر دەبێت".
لە ٧ـی ئەم مانگەوە شەپۆلێکی بارانبارین ڕووی لە هەرێمی کوردستان و ناوچەکە کردوە و بە پێی زانستیش کاتێک ئاو دەچێتە قوڵایی ٢٠ بۆ ٣٠ سانتیمەتر لە ناو خاک، پەڵە دەدات.